رووداو - شنگال
دوای 12 ساڵ ژیانی سەخت و ئاوارەیی لە کەمپەکان، خەڵکی کۆمەڵگەی دووگرێ لە سنووری
شنگال بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دا. هەرچەندە زۆربەی ماڵەکانیان رووخاون و
وێران بوون، بەڵام دڵخۆشیی گەڕانەوە بۆ سەر ئەو خاکەی لێی گەورە بوون، هەموو
ئازارەکانی بیر بردوونەتەوە.
ئەم ئاوارە گەڕاوانە باس لەوە دەکەن کە حکومەت وەک پێویست هاوکاریی نەکردوون و
هێشتا ماڵەکانیان هەر بە قوڕ و دار ماونەتەوە، بەڵام بڕیاری گەڕانەوەیان لا
گرنگتر بووە.
خەلیل خەلەف، یەکێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، بە رووداوی گوت: "10 بۆ 12 ساڵە ئێمە
لە کەمپ بووین، ئەمڕۆ ویستمان بگەڕێینەوە شوێن و وارەکانی خۆمان، زۆر کەس
دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەڵام نووسراوی گەڕانەوەیان نییە."
خەلەف حەسەن، ئاوارەیەکی دیکەی گەڕاوەیە و دەڵێت: "بەخوا ئێمە زۆر دڵخۆشین،
سوپاس بۆ خوا بە ساخ و سەلامەتی گەڕاینەوە شوێنی خۆمان. ئێمە هەموومان
هەژارین، ئەگەر هاوکاریی خەڵک بکەن، یەک کەس لە کەمپەکان نامێنێت و
هەمووان دەگەڕێنەوە."
نەوەیەک کە یەکەمجارە شنگال دەبینێت لەنێو گەڕاوەکاندا، کۆمەڵێکی زۆر منداڵ
دەبینرێن کە لە کەمپەکان و دوور لە شنگال لەدایکبوون. بۆ ئەوان، ئەمە یەکەم
گەشتە بۆ بینینی نیشتمانی دایک و باوکیان. هەر منداڵێک دەگەڕێتەوە، وەک ئەوە وایە
پارچەیەک لە گیانی شنگال بگەڕێتەوە جێگەی خۆی.
روەیس حوسێن، منداڵێکی گەڕاوەیە و باس لە هەستی خۆی دەکات: "من لە کەمپی باجەد
کەندالا لەدایکبووم دوای راکردنەکە، ئەمە 12 ساڵە یەکەمجارە دێمە
شنگال، من زۆر دڵخۆشم چونکە ماڵمان هێنایەوە."
هاوکاریی گەڕانەوە و ئاستەنگەکان نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال، ئاماژە بەوە دەکات کە
تەنیا رێکخراوەکان ناتوانن هەموو ئاوارەکان بگێڕنەوە. رێکخراوی IOM بە هەماهەنگی
لەگەڵ لقی دهۆکی ناوەندی جەی سی سی JCC، بڕیاری داوە بە ملیۆنێک و 500
هەزار دینار هاوکاریی هەر خێزانێکی گەڕاوە بکات.
قایمقامی شنگال دەڵێت: "ئەوانەی گەڕاونەتەوە زۆربەیان بە رێگەی رێکخراوەکانەوە
گەڕاونەتەوە، رێکخراوی IOM بە هەماهەنگی لەگەڵ JCCی لقی دهۆک. داواکاریی ئێمە
و خەڵک ئەوەیە کە خەڵک قەرەبوو بکرێنەوە، ماڵەکانیان بۆ ئاوەدان بکرێتەوە و بڕە
پارەیەکی باشیان پێ بدرێت تاوەکو بتوانن ماڵەکانیان ئاوابکەنەوە."
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک، لە مانگی
حوزەیراندا 595 خێزانی ئاوارە ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.
تەنیا لە چوار گەڕی پێشوودا، 349 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان لە
سنووری قەزای شنگال.
