رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسیەی ئەمنی کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشینەی کارەکان دایە. حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەنگاوی کردەیی بۆ بنرێت.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە، پاراستنی بارەگا و کارمەندانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە لە هێرشی موشەکی و درۆنی گروپە چەکدارەکان، کە پێشتر بوبوونە هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنان. ئەم ئەرکە لە ئەستۆی هێزە فیدراڵییەکان دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشد لە وەزارەتی بەرگری، ئاماژە بە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان دەکات و رایگەیاند: "سەرجەم ئەو دۆسییە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوان عێران و هەرێمی کوردستاندا هەبوون کۆتاییان هات. ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی نوێداین و دۆسیەی ئابووری دەبێتە دەروازەیەک بۆ رزگارکردنی ئابووری عێراق و وەزارەتی نەوت لەو داڕمانەی بەهۆی ململانێکان و راگرتنی هەناردەی نەوتەوە تووشی ببوو."
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. وەکو هەنگاوی یەکەم، ئامانج ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە بگاتە 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، پاشان رێژەکە بەرزبکرێتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل، وەکو ئەوەی لە رێککەوتنەکانی پێشوودا هاتووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "بەرێز زەیدی دڵنیایی داوەتە کۆمپانیاکان دەست بەکارەکانیان بکەنەوە. حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات رێگری لە هێرشەکان بکات، ئەگەر رووش بدەن، ئەوا حکومەت پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان."
شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد گەڕانەوەی کۆمپانیاکان دەستپێکردووە، بەڵام بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بابەتێکی تەکنیکییە و کاتی دەوێت.
ئامانجی کۆتایی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تەنیا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە. کۆمپانیا نەوتییەکان بەهۆی دەستەبەرکردنی گەرەنتی ئەمنی و دارایی، پلانیان داناوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە کۆنەکان و لێدانی بیری نوێ، تاوەکو لە داهاتوودا ئاستی هەناردە بۆ زیاتر لەو بڕەی ئێستا بەرز بکەنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
