رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هاونیشتمانییەک دوای 8 رۆژ لە دیارنەمانی، لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دۆزرایەوە.
مەحموود محەممەد یونس تەمەنی 46 ساڵ بوو، شۆفێری تاکسی بوو و، رۆژی 25ی ئایار لە گەڕەکی ساڵحییەی شاری حەسەکە کەسێکی سەرخستبوو و دوای ئەوە دیار نەما.
بە قسەی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو سەرنشینە داوای لە مەحموود کردووە بیبات بۆ گەڕەکی خەشمان. دوای ئەوە، مەحموود پەیوەندیی پچڕا و دیارنەما.
دوای 8 رۆژ گەڕان، رۆژی دووشەممە 1-6-2026 تەرمی مەحموود محەممەد یونس لەنزیک شارۆچکەی سەفەیەی باکووری حەسەکە دۆزرایەوە.
عەبدولڕەزاق محەممەد، ئامۆزای مەحموود بە رووداوی راگەیاند، فیشەکێک نراوە بە سەری مەحموودەوە و کوژراوە.
مەحموود محەممەد یونس باوکی چوار منداڵ بوو.
ئەگەرچی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک بە گومانی کوشتنی ئەو شۆفێرە کوردە دەستگیرنەکراوە.

