رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە، لە ساڵێکدا پێکهێنانی هاوژینی 17%، جیابوونەوە 22.5% و لەدایکبوون 9% کەمیکردووە.
عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە ئاماری ساڵێکی تۆمارکردنی رووداوەکانی (هاوژینی، جیابوونەوە، لەدایکبوون و مردن)ی لە پارێزگاکە خستەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە رێککەوتی 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026، واتە لە یەک ساڵدا 11 هەزار و 217 پێکهێنانی هاوژینی و چوار هەزار و 781 جیابوونەوە تۆمارکراون.
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت: "بەراورد بە ساڵی پێشووتر، هەردوو پرۆسەکە کەمیان کردووە، بەشێوەیەک کە پێکهێنانی هاوژینی 17% کەمیکردووە و جیابوونەوەش بە رێژەی 22.5% دابەزیوە."
عەلی جۆکار دەڵێ، تێکرای تەمەنی هاوژینی بۆ پیاوان 28.4 ساڵ و بۆ ژنان 24.2 ساڵ بووە؛ هەروەها زیاترین هاوژینی بۆ پیاوان لە تەمەنی نێوان 25-29 ساڵ و زیاترین تەمەنی هاوژینی لە ژنانیشدا لە تەمەنی 20-24 ساڵ بووە.
بە گوتەی جۆکار، تێکرای تەمەنی جیابوونەوە بۆ پیاوان 38.3 و بۆ ژنان 33.8 بووە؛ هەروەها زیاترین جیابوونەوە بۆ پیاوان و ژنان بە شێوەیەکی هاوبەش لە تەمەنی نێوان 35-39 ساڵاندا بووە.
لەدایکبوون لە پارێزگای سنە 9% کەمیکردووە
عەلی جۆکار گوتی، لە رێککەوتی 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026، واتە لە یەک ساڵدا، 17 هەزار و 525 منداڵ لەو پارێزگایە لەدایکبوون، کە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 9% کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە دەشڵێ، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 102 منداڵ کوڕ و هەشت هەزار و 423 منداڵ کچ بوون.
لەبارەی ئاماری مردنیشەوە، جۆکار رایگەیاند، لە هەمان ماوەدا هەشت هەزار و 435 دۆسیەی مردن لە پارێزگاکە تۆمارکراون کە چوار هەزار و 916 کەسیان پیاو و سێ هەزار و 517 کەسیان ژن بوون؛ ئاماژەشی بەوە کرد، بەراورد بە پار، مردن لە پارێزگای سنە بە رێژەی 0.2% زیاتر بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە، تێکرای تەمەنی مردن لەو پارێزگایە بۆ پیاوان 66.2 ساڵ و بۆ ژنان 72.1 ساڵە.
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 747 هەزار کەسە.
