روووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، کەسێک لە گوندی لوبنانی لە هەولێر گیانی لەدەستدا و وابڵاوکرایەوە کە بەهۆی خواردنی حەبی ڤیاگراوە بووە، بەڵام پۆلیسی هەولێر دەڵێت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووە و لێکۆڵینەوەکانیشیان بەردەوامن.
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ج. ئـ)ـە، لەدایکبووی ساڵی 1950یە. دادوەر بووە لە موسڵ، بەڵام خانەنشین بووە و لە دهۆک دادەنیشت.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو کەسە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەیدا سەردانی هەولێری کردووە و چوونەتە گوندی لوبنانی بۆ لای دوو هاوڕێی کچیان، پاشان ئەو پیاوە گیانی لەدەستداوە.
دوای رووداوەکە، پۆلیس هاوڕێی ئەو پیاوە و هەردوو کچەکەیشی دەستگیرکردووە و تەرمی (ج. ئـ)ـیش گوێزراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.
هۆگر عەزیز گوتی، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆی خواردنی حەبی ڤیاگراوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو تووشی جەڵتەی دڵ بووە.



.png&w=3840&q=75)