رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ موقەدەمێکی پۆلیسی نەوت و گاز لە هەولێر کوژرا، پەیامنێری رووداو دەڵێت، پەیوەندی بە رووداوی کوشتنی کەسێکەوە هەیە کە لە نێوەڕاستی مانگی ئابی رابردوودا لە ئاڵۆزییەکەدا لە گوندی شێراوەی خەیلانیان کوژراوە.
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو کەسەی ئەمڕۆ کوژراوە ناوی ئەسعەد رەئوف حەمەدە، تەمەنی 48 ساڵانە و موقەدەمە لە پۆلیسی نەوت و گاز.
رۆژی 15-8-2022، بەهۆی تەقەی پۆلیسی نەوت و گازەوە بەسەر ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی شێراوەی خەیلانیان لە ناحیەی باسرمە لە پارێزگای هەولێر کە گردبوونەوەیەکیان رێکخستبوو، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون؛ لە گردبوونەوەکەدا دانیشتووانی گوندەکە داوایان کردبوو ئەو کۆمپانیایەی کە تەنیا 400 مەتر لە گوندەکەیانەوە دوورە، گەنجەکانیان بۆ دابمەزرێنێت.
لە دوای رووداوەکە، شێخ محەممەد ئەحمەد، دانیشتووی گوندی شێراوەی خەیلانیان، کە نەوەیەکی گیانی لەدەستدابوو و کوڕێکیشی بریندار بوو بە رووداوی گوت: "هەر قسەمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کرد چەند کەسێکمان بۆ دابمەزرێنێت و دایاننەمەزراندن. ئەمڕۆ هاتوون بەو شێوەیە تەقەیان کردووە، ئامۆزایەکم قاچ و دەستی بریندار بوو، نەوەکەم مردووە، کوڕێکم شوان بووە و لەو شاخەی ئەوبەرەوە تەقەیان لێکردووە بریندار بووە، من ئەوە قبووڵ ناکەم."
ئەو کەسەی 15ـی ئاب گیانی لەدەستدابوو بڕوا یاسینی تەمەن 19 ساڵ بوو؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، پێدەچێت کوشتنی موقەدەمەکەی پۆلیس پەیوەندی بە کوشتنی بڕوا یاسینەوە هەبێت، هەرچەندە سوڵحی کۆمەڵایەتییان بە 200 هەزار دۆلار کردبوو.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: تەرمی ئەو کەسە گەیێندراوەتە پزیشکی دادی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران تاوەکو رادەستی دادگەیان بکەن.



.png&w=3840&q=75)