رووداو دیجیتاڵ
"کورد لە ئێران مافی نییە". راستییەک کە بۆ یەکەمین جار لەنێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن بەرپرسێکی فەرمییەوە رادەگەیێندرێت. راستییەک نەک تەنیا لە وەڵامی پرسیاری رووداو، بەڵکو لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتی فەرمی بە بەڵگە و زانیارییەوە ئاماژەی پێدەکات.
جاوید رەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، "کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا مافە بنەڕەتییەکانیان پێنەدراوە. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە، لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتیی خۆیان و مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەر ئەوەیە لە پارێزگا کوردییەکان خۆپێشاندانی زۆر هەن."
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپێشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام گوتەبێژەکەی تەنها داوای ئەوە دەکات کە هێزی زیادە لە دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنرێت، بە مانایەکی دیکە هێز بەکاربهێنرێت، بەڵام زۆر نا. بێ ئەوەی روونی بکاتەوە تاوەکو چەند حکومەتی ئێران بۆی هەیە هێز لە دژی خۆپێشاندەرانی بێ چەک و بێ دەسەڵات بەکاربهێنێت.
جاوید رەحمان، لێکۆڵەرێکی سەربەخۆی سەر بە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانە. لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکانی قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کاریگەری راپۆرتی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ناگاتە نیوەی کاریگەریی هەڵوێستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆی رووسیا ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لە دژی ئێران بنێت، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە هیچ نەبێت بە روونی سەرکۆنەی کوشتنی سیستماتیکی سەدان هاونیشتمانیی کوردستانی و هاووڵاتیی ئێرانی بکات.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، "ئێمە نیگەرانی ئەو راپۆرتانەین لەبارەی بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی لە زیادە پێویست و ئێمە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە هێزی زیادە لە پێویست بەکارنەهێنن بۆ ئەوەی قوربانیی زیاتر نەبێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان:
رووداو: بەڵام پرسیارەکەم لەسەر کوژرانی خۆپێشاندەران بوو، تۆ باسی مافی خۆپێشاندان دەکەیت. جێگەی سەرنجە کە سکرتێری گشتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شیراز و دەڵێت، "زۆر بە تووندی ئیدانەی دەکەم"، بەڵام کاتێک من لەبارەی کوژرانی خۆپێشاندەران لێت دەپرسم، هیچ ئیدانەکردنێکت لێ نابیستم.
فەرهان هەق: ئینجا با روونبم، ئێمە ئیدانەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل. تەواو، کاتێک خەڵکی سڤیل ئاشتییانە خۆپێشاندان ئەنجام دەدات، نابێت ئەوە رووبدات. هەر کوژرانێکی خۆپێشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
رووداو: باشە کێ سەرکۆنە دەکەیت لەبارەی ئەو کوشتنانە؟
فەرهان هەق: هەر کێ ئەنجامی دابێت. وەکو گوتم، کە ئێمە نیگەرانین لەبارەی بەکارهێنانی هێزی زیادە لە دژی خۆپێشاندەران و پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر ئەنجام بدرێت.
رووداو: بەڵام لێکۆڵەری تایبەتی خۆتان پێش 20 خولەک لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو و، رایگەیاند کە حکومەتی ئێران بەرپرسیارە لەسەر کوژرانی ئەو خۆپێشاندەرانە. کەواتە بۆچی ناوی ئێران و حکومەتەکەی ناهێنن؟
فەرهان هەق: لێکۆڵەری تایبەت بەپێی دەسەڵاتی خۆی قسەدەکات و مافی خۆیەتی ئەوە بکات. من هەڵوێستی خۆمانم راگەیاند.
هۆکاری پشت ئەم بێدەنگییەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە ئێران، پێویستیی نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە بە تاران لە بابەتی ئاگربەست لە یەمەن کە سەرچاوەیەکی باڵای ئەو رێکخراوە ئەوەی بە رووداو راگەیاند.

