رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی داعش بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لانیکەم 6 شەڕڤان گیانیان لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 11ـی ئەیلوولی 2022، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، لە رێگای نێوان پارێزگای دێرەزوور و حەسەکە، داعش هێرشیکردووەتە سەر کۆمەڵێک شەڕڤانی هەسەدە و لە ئەنجامدا لانیکەم 6 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوە خۆجێیەکانی نێو سووریاش کوژرانی حەوتەم شەڕڤانیان لە رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور راگەیاند کە بە گوتەی خۆیان، هەر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام تائێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هێرشەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدراون کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەمریکایە لە شەڕکردنی دژی داعش. هاوکات، هەسەدە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئەیلوولی 2022، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل، دوو شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 6 چەکداری داعشیشیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە داعش 130 جار هێرشیکردووەتە سەر پێگەکانی هەسەدە کە پشکی شێریش بەر دێرەزوور کەوتووە.

