هێمن بابان و هۆرڤان رەفعەت
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی لە رووداوی هاتووچۆدا برینداربووبێت و دەڵێت، هاوژین و منداڵەکانی بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 19-5-2022، د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگۆی برینداربوونی دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی لە رووداوێکی هاتووچۆدا بە تۆڕی میدیایی رووداوت گوت: "دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووە و ئەوەی برینداربووە هاوژین و منداڵەکانی ئەون؛ ئەوانیش ئێستا لە نەخۆشخانەن لە هەولێر و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستییان باشە."
لە بارەی رووداوی هاتووچۆکەوە، گوتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بە رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 08:00ـی ئێوارە روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوون".
سەنگەر سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کۆیە گوتیشی: "رووداوەکە بەجۆرێک بووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا کامری کە لە کۆیەوە هاتووە بەرەو هەولێر، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەرچووە و چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەردا کە هی دکتۆر رەهێل فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام خۆی تێدا نەبووە، تەنیا شۆفێر و هاوژین و منداڵەکەی تێدا بوون".
دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند: "لە رووداوە هاتووچۆکەدا خانمێک کە دایکی سەرنشینی ئۆتۆمبێلە کامرییەکە بووە، گیانی لەدەستداوە و تەمەنی 50 ساڵ بووە و پێنج کەسیش بریندار بوون".
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانیشەوە دکتۆر شێروان باسی لەوە کرد: "دوو لە بریندارەکان کە هاوژین و منداڵێکی دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی بوون، براونەتە نەخۆشخانەی پار لە هەولێر و هاوژینەکەی دکتۆر رەهێڵ رەنگە پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام تەندروستیان جێگیرە، هەروەها سێ برینداری دیکەی نێو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا کامرییەکە لە نەخۆشخانەی کۆیەن، بەڵام یەکێکیان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە لە سلێمانی و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت".


.jpg&w=3840&q=75)
