رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کەلار و شارۆچکەی رزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و راگیراونی ئەنفالدا دابەشدەکرێت. هەروەها ژمارەی تاپۆ دەبەخشرێتە سوودمەندبووانی شارۆچکەی رزگاری کە پێشتر ژمارەی کاتی زەوییان پێدراوە.
رۆژی پێنجشەممە 07-04-2021 لە رێوڕەسمێکدا زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی ئەنفال دا دابەشدەکرێت.
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە چاودێری بەڕێز جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سبەی لە رێوڕسمێکدا لە شارەوانیی کەلار ژمارەی زەوی (کاتی) دەدرێتە 956 ھاووڵاتی لە زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال."
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " ژمارەی تاپۆ دەدرێتە 427 سودمەندبووی سنووری ناحیەی رزگاریی لە زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال کە پێشتر بە فەرمانی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت ژمارەی کاتی زەویان پێدراوە."
لە 21-02-2018 بە واژۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە خۆی لە 5069 زەوی دەبینێتەوە.
جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵی رابردوو ئەو 427 زەویە کارتانەی بەسەر هەمان توێژ دابەشکرابوون، سبەی ژمارەی تاپۆیان پێدەدرێت و دەتوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا سوودمەندبووان دەتوانن ژمارەکانیان ببەنە تاپۆ و لەوێ سورەت قەیدەکانیان وەرگرن و تاپۆی هەمیشەییان پێ دەدرێت."


.jpg&w=3840&q=75)
