رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چوار رۆژە پۆلیسی چەمچەماڵ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە دەنگۆی کوژرانی دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە. پۆلیس دەڵێت سەرەداوی شوێنی تەرمەکانیان دەستکەوتووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا دڵنیا دەبنەوە لە راستیی رووداوەکە.
محەممەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە گوایە دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە کوژراون دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد".
سەرەتا زانیاری هەبوو کە تەرمی کچەکان لە چەمی حاجی ئیبراهیم لە ناوچەی شوان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ شاردراونەتەوە، بەڵام محەممەد عەبدی دەڵێت: "دوای گەڕانێکی زۆر هیچ ئاسەوارێکی تەرمەکان لەو شوێنە نەدۆزراونەتەوە".
پۆلیس زانیاری دیکەی لە بارەی دیارنەمانی ئەو کچانەوە دەستکەوتووە، بەڵام هێشتا لێی دڵنیا نییە. بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ دەڵێت: "ئێستا زانیاریی وردمان پێگەیشتووە لەبارەی شوێنی تەرمەکان، تیمەکانمان دەرچوون بۆ شوێنەکە و لە چەند کاژێری داهاتوودا لە راستی رووداوەکە دڵنیا دەبینەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ هەروەها دەڵێ، خێزانەکە لە خانوویەکی کرێدا نیشتەجێبوون، دوای دەنگۆی کوشتنی دوو کچەکە لەلایەن باوکیانەوە چووینەتە ماڵەکەیان، بەڵام کەسی لێ نەبووە و باوکەکەش ژمارەی تەلەفۆنەکەی داخراوە و نازاندرێت بۆ کوێ رۆیشتووە.
محەممەد عەبدی دەشڵێ، هیچ کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە بەڵام داواکاریی گشتیی خۆی دۆسێی لەسەر رووداوەکە کردووەتەوە.


.png&w=3840&q=75)
