رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان گۆڕدرا و ئەندام پەرلەمانێکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، لەسەر داوای خۆی بووە.
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جەمال حەوێز داوای کردبوو ئەرکی "سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی یەکێتی بە هەڤاڵێکی دیکە بسپێردرێت"، بۆیە ئەوان بە رەسمی داوایان لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیان کردووە کەسێکی دیکە دیاری بکەن.
بە گوتەی لوقمان وەردی، بڕیارەکە لە 9-7-2020 دەرچووە و تێیدا هاتووە لە ماوەی داهاتوو "هەڤاڵ زیاد جەبار ئەرکی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی یەکێتی پێدەسپێردرێت".
جەمال حەوێز لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2019 بە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دیاریکرابوو.
لەکاتی دیاریکردنیشی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، جەمال حەوێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەکتەبی سیاسی بڕیاریانداوە من سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکە بکەم، بەڵام پێمگوتوون بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو ئەرکە دەگرمەئەستۆ، لەبەرئەوەی حەزم لە سەرۆکایەتی فراکسیۆن نییە.. بۆ راگرتنی کارەکان و رێکخستنی کاروباری فراکسیۆن رازیبووم ئەو ئەرکە بگرمەئەستۆ".



