رووداو - هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی کرێکارێکی گەنجی رۆژئاوای کوردستان لە کاتی کارکردنی لە بینای کارگەیەکی چپسدا کەوتووەتە خوارەوە و بەسەختی برینداربوو، دوای تێپەڕینی رۆژێک بەسەر رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "کەسێک بەناوی عەممار موفید محەممەد تەمەن 27 ساڵ، لە کاتی کارکردنی لە بینای کارگەیەکی جپس کەوتووەتە خوارەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی رۆژێک بەسەر رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس کرێکارەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و کوردە و دانیشتووی کەمپی قوشتەپەیە لە پارێزگای هەولێر. پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووەتەوە و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەیان کردووە، تا رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر.



