رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەتنی حلەی پارێزگای بابل، بڕیاری سێ ساڵ زیندانیی بۆ کەسێک دەرکرد کە بە نایاسایی خۆی وەک ئەندامی لیژنەیەکی چاودێری ناساندبوو و بە بەڵێنی درۆی داخستنی دۆسیەیەکی یاسایی، پارەی لە هاووڵاتییەک سەندبوو.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، دەستەی دەسپاکیی فیدراڵی بڵاویکردەوە، دادگەی کەتنی حلە سزای سێ ساڵ زیندانیی "تووند"ی بەسەر تۆمەتبارێکدا سەپاندووە، دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە نازناوی فەرمیی بۆ مەبەستی فێڵکردن و سەرانەوەرگرتن بەکارهێناوە.
بەگوێرەی دەستپاکی عێراق، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی هەڵخەڵەتاندووە و پێی گوتووە کە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە دژی دایکی هەیە، گوایە لە لیژنەیەکی چاودێری کار دەکات و دەتوانێت بەرامبەر بڕێک پارە دۆسیەکە دابخات. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە دایکی ئەو هاووڵاتییە هیچ کێشەیەکی نەبووە و تەنیا وەک شاهید ناوەکەی هەبووە.
تۆمەتبارەکە بڕە پارەیەکی لەو هاووڵاتییە وەرگرتووە بەو بەهانەیەی کە دەیداتە لێکۆڵەرێک بۆ داخستنی کەیسەکە.
دادگە دوای بینینی بەڵگەکان و بیستنی گوتەی شاهیدەکان، بەپێی مادەی 312ـی یاسای سزاکان، بڕیاری سزادانی بۆ دەرکرد و مافی ئەوەشی داوەتە سکاڵاکار کە داوای قەرەبوو لە دادگە مەدەنییەکان بکات.
دەستەی دەسپاکی هۆشداری دایە هاووڵاتییان کە نەکەونە داوی ئەو کەسانەی خۆیان وەک کارمەندی دەسپاکی دەناسێنن و داوای لێکردن هەر حاڵەتێکی گوماناوی لەرێگەی ژمارەی (154)ـەوە رابگەیێنن.
خۆناساندن بە پلەی ساختە یەکێکە لەو تاوانانەی لە عێراقدا بۆ مەبەستی بەرتیل و فێڵکردن بەکارهێنراوە.
.png&w=3840&q=75)

