رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە وەڵامی داواکارییەکی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە قاچاخیی نەوت لە پارێزگای ئەنبار دەڵێ، دوای پشکنینی مەیدانی، دەرکەوتووە هیچ بۆرییەکی نایاسایی بۆ گواستنەوەی نەوت لەو ناوچانەدا نییە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە (24ی تشرینی دووەمی 2026) دەرچووە، سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەنبار بە هاوکاریی وەزارەتی نەوت و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، پشکنینێکی مەیدانییان بۆ ئەو شوێنانە ئەنجامداوە کە گومانیان لەسەر بووە.
تیمە پسپۆڕەکان پشکنینیان بۆ رێگەی نێوان شاری رومادی و دەریاچەی سەرسار کردووە. لەو ناوچەیەدا هەشت کارگە و وێستگە بینراون، کە دوویان تایبەتن بە بەرهەمهێنانی قیڕ.
لە نووسراوەکەدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە هەیبەت حەلبووسی راگەیاندووە: "کارگەی یەکەم سەر بە کۆمپانیای ئەعالی فورات، خاوەنەکەی براکەتان شەوکەت حەمەد عەباسە و پاڵاوگەیەکی گەورەیە و لیژنەیەکی هەمیشەیی وەزارەتی نەوتی لێیە بۆ چاودێری"، لەبارەی کارگەی دووەمەوە هاتووە:" کارگەکە سەر بە کۆمپانیای ئەنبارە بۆ بەرهەمهێنانی قیڕ، بەڵام ئێستا کار ناکات و وەستاوە".
دادگە دەڵێت: "لە تەواوی ئەو ناوچانەدا هیچ جۆرە بۆرییەک بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەکانی نییە، کارگەکانی دیکەی ناوچەکە تایبەتن بە بەرهەمهێنانی مادەی پاککەرەوە و فلانکۆت، هەموویان مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بە شێوەیەکی یاسایی کار دەکەن".
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە: "پاڵاوگەیەکی دیکەی گەورە لەسەر رێگەی سامەڕا هەیە بەناوی (ئەجنەحەت ئەلئیبداع)، خاوەنەکەی (یاسر قاسم راوی)یە و ئەویش بە مۆڵەتی فەرمی کار دەکات."
سەبارەت بە دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی نۆ تانکەری سووتەمەنی لە دەروازەی سنووریی وەلید، دادگە روونکردنەوەی دا کە بەپێی گوتەی تۆمەتبارەکان: "ئەو سووتەمەنییە لە کارگەی (ئەلسەبیل زەهەبی) لە شاری ناسریە بارکراوە نەک لە ئەنبار".
هەروەها ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: "ناوی (سوڵتان حەلبووسی) براتان، لە نێو لێکۆڵینەوەکاندا نەهاتووە و هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستی لەو بابەتەدا هەبێت و لێکۆڵینەوەکەش هێشتا بەردەوامە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەوەشی نووسیوە: "ئەو وێنەیەی لە میدیا بڵاوکرابووەوە و تانکیی سووتەمەنی نیشان دەدا، لەگەڵ ئەو شوێن و پاڵاوگانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە ناگونجێت و وێنەکان پەیوەندییان بەو شوێنانەوە نییە".
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، 22ی تشرینی دووەمی 2026، داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد، لێکۆڵینەوە بکرێت و راستی و دروستیی ئەو هەواڵانە دیاری بکەن کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، گوایە سەرۆکی پەرلەمان و خێزانەکەی، خاوەنی پاڵاوگەیەکی نەوتین و بۆ مەبەستی قاچاخچێتی و دەستدرێژیکردنە سەر بۆرییە نەوتییەکان لە پارێزگای ئەنبار بەکاری دەهێنن.



