رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ نیازی پێکدادان لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت و دەڵێت، رێکارەکانی سەرۆکوەزیران تەنیا بۆ رێگریکردنە لە قاچاخچێتیی نەوت؛ ئاماژە بەوەشدەکات کە "کێشە نییە دەروازە سنوورییەکان بە شێوەی هاوبەش بەڕێوەببرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، قسەی بۆ شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: "سڵاومان بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە کە بەشێکی رەسەن و دانەبڕاون لە گەلی عێراق؛ سەرسامین لە کاردانەوە توندەکانی هەندێک شرۆڤەکار و تەنانەت هەندێک لە سیاسەتمەدارانیش."
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەکرد، هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە و ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوویەتی تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی. گوتیشی: "لیژنەکە گەیشتووەتە چەند ئەنجامێک و راسپاردەی دەرکردووە. بە هیچ شێوەیەک ئامانجکردنی کەسێکی دیاریکراو یان پارێزگایەک لەئارادا نییە، بەڵکو پرۆسەکە تەنیا بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتی و دابینکردنی بژێویی هەموو گەلی عێراقە لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەگەری گرژیی سەربازی، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیکردەوە: "هیچ نیازێکی پێکدادان نییە و هیچ رێنمایی و ئاراستەیەک نییە بەرەو هەر شتێک کە ببێتە هۆی پێکدادان. پێشمەرگە بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کەسوکار و خەڵکی ئێمەن؛ هەرێمی کوردستان جێگەی رێز و پێزانینە و هەڵوێستەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعشدا لەبیرناکەین."
لەبارەی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکانیشەوە، سەعد مەعن ئاماژەی بەوەکرد کە یاسای دەروازە سنوورییەکان وا دەخوازێت بەڕێوەبردنەکەیان ناوەندی بێت و گوتی: "کێشە نییە ئەگەر ئەم بەڕێوەبردنە هاوبەش بێت؛ ئەوە باشترە لەوەی دەروازە هەبن کە فەرمی نەبن و تایبەت بن و لە هەندێکیاندا کاری قاچاخچێتی بکرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، سەعد مەعن دووپاتیکردەوە کە پرۆسەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەروەریی عێراقە، ئەو سەروەرییەش بەبێ بەشداریکردنێکی راستەقینە و کاریگەری هەرێمی کوردستان تەواونابێت؛ دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا هەموو دەرگاکان کراوەن، هەنگاوەکانیش دەستووری دەبن و هیچ پێویست بە دەمارگیری ناکات."


