رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق سزادانی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری تەندروستیی سەلاحەدین و سێ فەرمانبەری دیکەی بە سێ ساڵ بەندکردنی قورس راگەیاند، ئەوەش بە تۆمەتی خەرجکردنی پارە بە بریکارنامەی ساختە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی سەلاحەدین (دەستەی یەکەم) سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەر هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی تەندروستیی سەلاحەدین، دوو فەرمانبەری بەشی ژمێریاری و وردبینێکی هەمان فەرمانگەدا سەپاندووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانە لە ساڵی 2019 بە پشتبەستن بە بریکارنامەی ساختە، بڕە پارەیەکیان لە فەرمانگەی تەندروستیی سەلاحەدین خەرج کردووە و بەو هۆیەوە زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگا دوای بینینی بەڵگەکان بە تەواوی بۆی روونبووەتەوە، کە تۆمەتباران تاوانبارن؛ بۆیە بڕیارەکەی بە پشتبەستن بە ماددەی 340ـی یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو دەرکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتی حکومەت ناسراو بە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان نەوەستاوە، ئەنجامەکانیشی بە روونی لە رێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییانەوە دەرکەوتوون، کە دژی تاوانباران دەرچوون، لەنێویاندا کەسانی سیاسی، پەرلەمانتار و کەسایەتییە ناسراوەکان.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "ئەو پارەیەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی وەرگیراوەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 680 ملیار دینار، سەرەڕای زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار."
بەگوتەی حەیدەر عەبوودی، سەرجەم ئەو پارەیە دەخرێنە نێو (هەژماری نەوەکان) کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر کراوە و گوتیشی: "هەژمارەکە دەبێتە ئاراستەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی نەوەکان و پاڵپشتییەکی دارایی دەبێت بۆ داهاتە نەوتییەکان و گەنجینەی دەوڵەت."



