رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، دەستگیرکردنی دوو داواکراوی بە تۆمەتی تیرۆر لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکاندا بۆ راوەدوونان و چاودێریکردنی جووڵەی چەکداران، هێزەکانی بەشەکانی هەواڵگری و ئاسایش لە هەردوو فیرقەی پیادەی (16 و 17)، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا "دوو تیرۆریست" یان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا دەستگیر کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بە رێنمایی نایف شەممەری، وەزیری بەرگری و فەریق ئەوەل روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەریق روکن حەسەن جەواد سیلاوی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی ئەنجامدراون.
هەواڵگریی سەربازی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوو دەستگیرکراوەکە بەپێی ماددەی (4ـی تیرۆر) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.



