رووداو دیجیتاڵ
شەش کەس لە عێراق مادەى یۆرانیۆمیان پێگیراوە و دادگە هەر یەکەیانى بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادا.
دووشەممە، 23ى تشرینى دووەمى 2026، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریى ئەو دۆسیەیەى بڵاوکردەوە.
یەکێک لە سزادراوەکان ژن بووە و لەلایەن دادگەى ناوەندیى تاوانەکانى عێراقەوە سزادراون.
بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، ئەو کەسانە بە ئامانجى فرۆشتن و بازرگانیکردن ئەو مادەیان هەڵگرتووە کە بە "تیشکدەرى مەترسیدار" ناوى بردووە.
ئەو کەسانە بەگوێرەى بڕگەى 2 لە مادەى 27ى یاساى دەستەى نیشتمانیى چاودێریى ئەتۆمى و تیشکدەرى و کیمیایی و بایۆلۆژى و سێ مادەى یاساى سزادانى عێراق سزادراون.
ئەو مادانەى یاسای سزادانى عێراقى تایبەتن بە بەکارهێنانى کەرەستەیەک کە ئەگەری هەیە تاوانى پێبکرێت و ئەو کارە چەند کەسێک تێیدا بە هاوبەشى بەشدار بووبن.
لە ساڵى 1991، عێراق بەفەرمى هەڵوەشاندنەوەى پرۆگرامە ئەتۆمییەکانى رایگەیاند لە دواى ئەوەى چووە ژێر بارى بڕیارى ژمارە 687ى ئەنجوومەنى ئاسایش و تیمەکانى پشکنینى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم سەردانی عێراقیان بۆ دڵنیابوون لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرۆگرامە دەستپێکرد.




