رووداو دیجیتاڵ
سەرباری ئەوەی بڕیاربوو کاژێر 6:00ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بچنە نێو جورف نەسر، بەڵام تاوەکو ئێستا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و نەجووڵاون. میدیای ئێرانیش دەڵێن: "ئیسماعیل قائانی رێگەی لە دروستبوونی پێکدادانی سەربازی گرتووە."
پەیامنێری رووداو لە نزیک ناوچەی جورف نەسر رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستی پێ نەکردووە، هێزە ئەمنییەکان لە نزیک ناوچەکە جێگیر کراون، بەڵام هیچ جووڵەیەکیان بەرەو نێو جەرگەی شارەکە نەکردووە و هیچ دەنگی تەقەیەکیش نابیسترێت و دۆخەکە ئاساییە".
هاوکات، ماڵپەڕی (تابناک)ی ئێرانی ئاشکرای کرد، هەوڵەکانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی پێکدادانی سەربازی لە نێوان سوپای عێراق و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا گەیشتووەتە ئەنجام.
قائانی لە سەردانە کوتوپڕەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری حیزبوڵڵا، هادی عامری و فالح فەیاز کۆبووەتەوە.
بەپێی میدیا ئێرانییەکان، ئامانجی سەرەکیی قائانی تەنیا چارەسەرکردنی کێشەی جورف نەسر نەبووە، بەڵکو مەبەستی بووە رێگری لە دروستبوونی کەلێنی گەورەی سیاسی لەنێوان لایەنە شیعەکان و لاوازبوونی سیستمی سیاسیی عێراق بگرێت، کە رەنگە بەهۆی پێکدادانی سەربازییەوە رووبدات.
تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمیی دواکەوتنی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ گۆڕینی هێزەکان لە جورف نەسر دیار نییە.
ناوچەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل، ساڵی 2014وە وەک ناوچەیەکی داخراوی ئەمنی لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکاندایە.
حکومەتی عێراق، دەیەوێت لەرێگەی پێکهێنانی (بارەگای کۆنترۆڵ) و جێگیرکردنی سوپا، دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێنێتەوە و رێگە ستراتیژییەکانی نێوان پارێزگاکانی نێوەڕاست بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە چەندین ساڵە هیچ هێزێکی فەرمیی دەوڵەت نەیتوانیوە بچێتە نێو قووڵایی ئەو ناوچەیە.



