رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنیی کرد و بڕیاری دا، هێزی ئەمنیی ناوچەی جورف سەخر بگۆڕدرێت و ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت رادەستی پۆلیسی وزە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان، سەرۆکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و ئەندامانی لیژنەکە بەڕێوەچووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە بڕیاری داوە پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوە لە ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر) بگرێتەئەستۆ. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هێزەی ئێستا زەوییەکەی بەدەستەوەیە دەگۆڕدرێت بە هێزێکی دیکە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاریی دەکات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، جەخت لە رێکارە یاساییەکان کراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیار درا ئەو لێکۆڵینەوانەی حکومەت سەبارەت بە سەرپێچییەکانی سەر هێڵی گواستنەوە ئەنجامیداون، رەوانەی دادگە بکرێن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران." ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت وەسف کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ چاکسازیی کەرتی ئەمنی و بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا کرا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە سەرووی هەموویانەوە تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرەڕای پەسندکردنی پلانە جێبەجێکارەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا."


