رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گۆڕانکاریی لە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر) کرد، سوپا و هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دوو لیوای حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و پۆلیسی وزە بەگوێرەی تایبەتمەندییان ئەرکیان پێسپێردرا.
نووسراوی ئەو بڕیارە رۆژی 17ـی تشرینی دووەم لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کراوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لیوای 38ـی فیرقەی 10ـی سوپای عێراق بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی ناحیەی جورف سەخر دەگرێتەدەست کە تاوەکو سنووری دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار درێژ دەبێتەوە.
لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوەندی قەزاکە وەردەگرێت کە لە رۆژهەڵاتەوە لە رووباری فورات دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە رێگەی مسەیب - فازیلییە لە رۆژئاوای ناحیەکە.
هەردوو لیوای 72 و 79ـی حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی رێگەی مسەیب - فازیلییە لە رۆژهەڵاتەوە دەگرنەدەست تاوەکو سنووری دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەربەلا.
فەوجێک لە پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە جورف سەخر دەگرنەدەست.
فەوجێکی دژەتیرۆری عێراق لە یەکێک لە سەربازگەکانی ناو جورف سەخر دەمێننەوە وەک هێزی یەدەگ بۆ چارەسەری هەر دۆخێکی لەناکاو ئەگەر رووبدات.
بەگوێرەی بڕیارەکان، رێگەی سەرەکیی مسەیب، بەهبەهانی، یەکتربڕی فازیلییە، عامرییەی فەللوجە بە رووی هاتووچۆدا دەکرێنەوە.


