رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبارەی دۆسیەی جورف سەخر دوو جار کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە پرۆژەیەک؛ بڕیاریشە ئەمڕۆ لیژنەیەکی سێقۆڵی پێشنیازەکان بداتە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر پرسی جورف سەخر دوو جار لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، کە دوایین جاریان دوێنێ سێشەممە لە شاری نەجەف بووە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەو شارە. هاوکات قائانی لەگەڵ محەممەد رەزا سیستانی، کوڕی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆبووەتەوە.
بە گوتەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر، لە کۆبوونەوەکانی نێوان زەیدی و قائانی دا گەیشتوونەتە پرۆژەیەک و ئەمڕۆ لیژنەیەکی سێقۆڵی کە پێکهاتووە لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەک، سوپاسالاری حەشدی شەعبی، پێشنیازەکان دەدەنە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بۆ ئەوەی بزانن پێی رازی دەبن یان نا.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی خاڵەکانی نێو پرۆژەکە، ئەبو میساق مەساری گوتی، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا سێ لیوای لە جرف سەخر هەیە و پێشنیازەکە ئەوەیە دوو لیوایان لە جورف سەخر نەمێنن و بچنە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، تەنیا یەک لیوایان لە جورف سەخر بمێنێتەوە، ئەویش لەگەڵ لیوایەکی حەشدی شەعبی و هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی یەکشەممە (15ی تشرینی دووەمی 2026) تیشکی خستە سەر رێکارەکانی حکومەت لە ناوچەی جورف سەخر و رایگەیاند، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە و جێبەجێکردنی یاسا و رێکارەکانی دەوڵەت بە شێوەیەک کە متمانەی خەڵک بە دەوڵەت بگەڕێتەوە.
سەبارەت بە دەنگۆی بوونی ناڕەزایەتی و دەستوەردانی ئێران لە پشت پەردەوە دژی رێکارەکانی حکومەت، ئەوکات گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "هیچ دەستوەردانێکی ئێرانی لەم دۆسیەیەدا، چ لەسەر ئاستی پەیوەندی یان نێوەندگیری، تۆمارنەکراوە. ئەمە ناوچەیەکی تەواو عێراقییە و ئەوانەیشی لەوێن عێراقین کە لە دۆخێکی دیاریکراودا لەوێ جێگیربوون."
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی جورف سەخر بۆ زێدی خۆیان، عەبوودی جەختی کردەوە کە بێگومان دەگەڕێنەوە و گوتی: "ئەگەرنا سوودی هەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆسیە داخراوە چییە؟ بڕیارەکە دراوە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە گەڕاندنەوەی خەڵکەکە."
لە وەڵامی ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی بەغدا، کەربەلا و بابل دروست دەکات، گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی ئەمنی بەراورد بە ساڵی 2014 گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و "ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی عێراقییەکان نەماوە، سەرچاوە و مۆڵگەکانی داعش وشککراون و ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە هیچ پێگەیەکی نەماوە."
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەکرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری داوە هێزە فەرمییەکانی عێراق بچنە نێو ناوچەکە و شوێن و پێگەی شیاوی خۆیان بگرن؛ گوتیشی: "وادەیەکی دیاریکراو دانراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە کە ماوەیەکی دوور نییە، بەڵام رێگەم پێبدەن وادەی کۆتاییهاتنەکەی ئاشکرا نەکەم."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کرد سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لەو ناوچەیە و رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری و لیژنەی لێکۆڵینەوە، تەنیا یەک گرووپی چەکدار کە دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا هەبووە، بەرپرسە و تێوەگلاوە لەو دۆسیەیەدا نەک چەند گرووپێک.
سەبارەت بە سەردانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ جورف سەخر، عەبوودی رایگەیاند، سەرۆکی لیژنەکە کەسایەتییەکی رێزلێگیراوی دەستەی حەشدی شەعبی بووە و ئەندامەکانی سەردانی ناوچەکانیان کردووە و دەستکاری و سەرپێچییەکانیان دەستنیشان کردووە. بەڵام نەیشاردەوە، کە لە کاتی کارەکانی لیژنەکەدا جۆرێک لە دنەدان هەبووە، چونکە وەک خۆی گوتی: "ئەوانەی دەستیان بەسەر زەوییەکانی ئەو ناوچەیەدا گرتبوو، رانەهاتبوون لیژنەی پشکنین بچێتە ناوچەکە و فەرمان بکات و لێکۆڵینەوە و وردبینی بکات. پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لەم قۆناخە هەستیارەدا هەنگاوێکی بێ پێشینە بووە و ئەنجامەکانی بەرزکراونەتەوە و بڕیاری گونجاویان لەبارەوە دراوە".
ئەو رێکارانە دوای ئەوە هاتن، کە راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق پەردەی لەسەر بە قاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر هەڵدایەوە. راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.

