رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، هەر بەرمیلە نەوتێک بە پێچەوانەی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە بچێتە دەرەوە، بە قاچاخ هەژمار دەکرێت. دەشڵێت، بەبێ جیاوازی لە سەرتاسەری عێراقدا راوەدووی قاچاخچییەکانی نەوت دەنێن.
یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق، لە کاتی میوانداریکردنی لیژنەی لێکۆڵێنەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەقاچبردنی نەوت رایگەیاند: "جووڵەی نەوت جیهانییە و زانراوە، چونکە بودجەی گشتی ساڵانە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دیاری دەکات، جا چ لە کەرکووک بێت یان بەسرە یان هەرێمی کوردستان؛ هەر جووڵەیەکی نەوتی لە دەرەوەی ئەم چوارچێوانە بێت بە قاچاخ هەژمار دەکرێت."
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن بەدواداچوون بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا دەکات و روونیکردەوە: "دەستپێکردن لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاستەوە لە سۆنگەی بنەمای لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران لە ناوچەکانی خۆمانەوە هاتووە پێش ئەوەی بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی دیکە."
یاسر مالیکی گوتیشی، دەستوور قیبلەنما سەرەکییەکەی کارکردنی وەزارەتی ناوخۆیە و سەرجەم رێکارەکان بەپێی حوکمەکانی دەستوور و بەبێ جیاوازی دەگیرێنەبەر.
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، "جووڵەی نەوت ملکەچی میکانیزمی تۆمارکردن و بەدواداچوونی ناسراوی جیهانییە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوت، هەر جووڵەیەکی نەوتیش لە بودجەی گشتیدا تۆمار نەکرابێت و لە چوارچێوەی یاساییدا نەبێت، بە قاچاخ دادەنرێت و لە هەموو ناوچەکاندا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."

