رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراق دیمەنی ئامادەکاریی سەربازی بڵاودەکاتەوە کە تێیدا درۆن و مووشەک نمایش دەکات.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، گرووپەکانی سەر بە کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراقی لە تۆڕی تەلەگرام ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوکردەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە لەکاتێکدایە کە حکومەتی فیدراڵی ماوەیەکی وەکو دەرفەت داوەتە کەتیبەکانى حیزبوڵڵا بۆ ئەوەی ناحیەی جورفولسەخر لە سنووری پارێزگای بابل چۆڵ بکەن.
لەگەڵ وێنەی چەکدارانی کەتیبەکانى حیزبوڵڵا کە درۆنیان بەدەستەوەیە، ئەو گرووپە نووسیوێتی: "چەکەکانمان مافی خۆمانە و بەدەستی موجاهیدەکانمانەوە دەمێنێتەوە."
کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراق یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بەوە تۆمەتبار دەکرێن، کە بۆ ماوەی شەش ساڵ لە ناوچەی جورفولسەخر، نەوتیان بە قاچاخ بردووە، بەو هۆیەوە لەگەڵ حکومەت کەوتوونەتە ناکۆکییەوە.
بەشێک لەو دیمەنانەی کە کەتیبەکانى حیزبوڵڵا بڵاوی کردووەتەوە، تایبەتە بە دروستکردن و ئامادەکردنی مووشەک.

