رووداو دیجیتاڵ وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی 'وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی' بووەتە هۆی دواکەوتنی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، باس لەوەش دەکات کە ئەنجوومەنی وەزیران بەمزووانە بودجەکە پەسند دەکات و حکومەتیش هەنگاو دەنێت بەرەو سفرکردنەوەی دۆسیەی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە. فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی بووەتە هۆی دواکەوتنی پەسندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027، بەڵام "ئەنجوومەنی وەزیران بەمزووانە و دوای تەواوکردنی رێکارە پەیوەندیدارەکان بە پێکهاتەی وەزاریی نوێوە، بودجەکە پەسند دەکات." لەبارەی دۆسیەی گرێبەست و کارمەندانی رۆژانەوە وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کرد، حکومەت بەرەو سفرکردنەوەی ئەو دۆسیەیە هەنگاو دەنێت لە رێگەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و کارمەندانی رۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی وەزیفییان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. فالح ساری روونیشیکردەوە، رێکارەکانی بەهەمیشەییکردن "هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشوو" بۆ گرێبەستەکان و کارمەندانی رۆژانە لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەک کە دانپێدانان بە ماوەی خزمەتەکانیاندا لە چوارچێوەی رێکارە پەسندکراوەکاندا گەرەنتی بکات. وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵی جیدیی حکومەت لە ئارادایە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجیی گشتی و بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و وەزیفی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوکات لەگەڵ کارکردن بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2027. بڕیار بوو رۆژی شەممە، 14ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە 217 تریلیۆن دینارییەکەی 2027 تاوتوێ بکات، بەڵام تاوتوێکردنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا. بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7٪ جێگیرکراوە، بەڵام خەرجکردنی بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکەوە، لە سەروویانەوە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی.
عێراق16-11-2026بانکی ناوەندیی عێراق بەکارهێنانی مانگانەی کارتی پریپەیدی لە دەرەوە بۆ 4 هەزار دۆلار بەرزکردەوە