رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیمانی خۆی شکاندووە و لە رێگەی میدیاکانەوە تۆمەتی ناڕاستیان بۆ هەڵدەبەستێت بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ دەستبەرداربوون لە چەک. هاوکات تۆمەتەکانی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر رەتدەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی چوونەتە نێو دانوستاندنەکان بۆ رێکخستنی چەک و واژۆکردنی (رێککەوتنی سەروەری) لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەت، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیمانی خۆی شکاندووە و نووسینگەکەی راپۆرتی هەڵبەستراو لە کەناڵە ئیماراتی، سعودییەکان و هەندێک کەناڵی نێوخۆیی بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دۆسیەکانی مەدینە نەسر (جورف سەخر) و چەکی بەرگری دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بن و سەرەڕای گوشارەکانی ئیمارات، سعودیە و ئەمریکییەکان لە رێگەی حکومەتی زەیدییەوە بۆ تۆمەتبارکردنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سازش لەسەر ئەو بنەمایە ناکەین."
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا روونیکردووەتەوە، ئەو لیژنە هونەرییەی سەردانی ناوچەکەی کردووە، هیچ زێدەڕۆییەکی بۆ سەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە. بە گوتەی ئەوان، ئەوەی لە وێنەکاندا تۆمارکراوە تەنیا چەند کۆگایەکی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنییە کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و موەلیدەکان لە کەرتی نێوان باکووری بابل تاوەکو قائیم بەکاردەهێندرێت و زیاتر لە پێنج هەزار مەتر لە بۆریی نەوتەوە دوورە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەکات ئەو کەسانە قەرەبوو بکاتەوە کە لەسەر ئەو دۆسیەیە سزادراون، هاوکات داوای کردووە لێکۆڵینەوەی جدی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی خواردنی سەربازان، بەشەخۆراکی مانگانە و گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای (ئەدنۆک) بکرێت.
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە کە تایبەت بووە بە خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی تایبەتمەند بە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا دروستیی سەرجەم ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە راپۆرتی بریکارێتیی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدا هاتبوون سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت، دروستکردنی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستکاریکردنی بۆرییەکان.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە بەقاچاخبردنی نەوتدا هەبووە رەوانەی دادگە بکرێن و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی ئەم بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان دەرکرد:
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.
فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی هۆشداری داوەتە سەرجەم فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵدەگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری دەسەڵاتیاندا و رایگەیاندووە: "هیچ بستێک لە خاکی عێراقدا نامێنێتەوە کە قاچاخچێتیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە لیژنەی لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئاشکراکردنی کەمتەرخەمان و تاوانبارانی دزینی سامانی گشتی و راشیگەیاند: "حکومەت پێداگیرە لەسەر پاراستنی سامانی گشتی و بەرپەرچدانەوەی تووندی قاچاخی نەوت، هەروەها بەرپرسیارێتیی ئەمنی و ئیداری وا دەخوازێت هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت یان دەستی لەم تاوانەدا هەبێت، بێ هیچ سازشێک بدرێتە دادگە."
ئەمە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو میدیا نێوخۆییەکان وردەکاریی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی پۆلێنکراو بە "زۆر نهێنی"یان بڵاوکردەوە کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەنێوان ساڵانی 2021 و 2026 چاودێریی جووڵەی تانکەرەکان و شوێنەکانی ناوچەکەیان کردووە و تێیدا باسی لە گومانی دزین و قاچاخچێتیکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە لە رێگەی کونکردنی ئەو بۆرییانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی و کۆگای شاردراوە لەژێر زەوی لەو ناوچەیەی کە گرووپە چەکدارە باڵادەستەکان، لە سەروویانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵا، تێیدا جێگیرن.

