رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی عێراق تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر خالید غەزای مەعازیدی، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردندا سەپاند، بە تۆمەتی هەڵئاوسانی نایاسایی سامانەکەی؛ هاوکات پابەندکراوە بە گەڕاندنەوە و پێبژاردنی بڕی 37 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیێندراوێکی لەبارەی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سزاکە بە شێوەیەکی ئامادەگی بەسەر تۆمەتبار (خالید غەزای عەتییە)ـدا دراوە، دوای ئەوەی بە بەڵگەی تەواو سەلمێندراوە کە بە نایاسایی بووەتە خاوەن سامانێکی زۆر و لەگەڵ داهات و مووچەی فەرمیی فەرمانبەرییەکەیدا یەکناگرێتەوە."
بەپێی بڕیارەکەی دادگە، بریکارەکەی وەزارەتی کارەبا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دراوە، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی 8 ملیار و 242 ملیۆن دینار و نزیکەی 6.7 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هاوکات بە هەمان بڕی پارە بەدەستهاتووەکە سزای دارایی (غەرامە)ـی بەسەردا سەپێنراوە؛ بەوەش کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دەبێت بیگەڕێنێتەوە دەگاتە 37 ملیار دیناری عێراقی.
هەروەها دادگە سێ ساڵ حوکمی "بەندیی تووند"ـی بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئەستۆپاکی بۆ دەرکردووە، بەڵام بەپێی یاسا تەنیا سزا هەرە تووندەکە (حەوت ساڵەکە) جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ بەردەوامیی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبارەکە.
خالید مەعازیدی لە 28ـی حوزەیرانی 2026، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی لە بەغدا دەستگیرکرا.
خالید مەعازیدی کێیە؟
خالید غەزای عەتییە موتڵەک مەعازیدی، لەدایکبووی ساڵی 1973ـیە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی میکانیک؛ لە ساڵی 1998ـەوە لە کەرتی کارەبای عێراقدا دامەزراوە و لە ماوەی 28 ساڵی خزمەتیدا، لە دۆسیەی وەزیفیدا خاوەنی زیاتر لە 50 سوپاسنامە بووە و هیچ سزایەکی کارگێڕیی پێشینەی نەبووە.
مەعازیدی لە کاتی کارکردنیدا چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە: بەرپرسی بەشی هێڵەکان لە تۆڕی ناوچەی نێوەڕاست و دواتر لە تۆڕی ئەنبار و سەرۆکی بەشی هێڵەکان - فوراتی باڵا. بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە فوراتی باڵا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە باکوور، تاوەکو دواتر بووە بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن.


