رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق ناوەندی تایبەت بە چاودێریکردنی پیسبوونی هەوا لە بەغدا دەکاتەوە و ئیدی هاووڵاتییان لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلەوە دەتوانن رۆژانە ئاگاداری ئاستی پیسبوونی ژینگەکەیان بن. راوێژکاری وەزارەتەکە دەڵێت: "هەنگاوی داهاتوومان پارێزگاکانی بەسرە و کەرکووک دەبێت."
عەمار عەتا، راوێژکاری وەزیری ژینگەی عێراق، رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "لە تشرینی یەکەمی 2024دا کە تێیدا قەیرانی پیسبوونی هەوا لە بەغدا سەریهەڵدا، وەزارەتی ژینگە دەستی کرد بە دامەزراندنی ناوەندی نیشتمانی تایبەت بە زانینی کواڵیتی هەوا. ئێستا 24 وێستگەمان لە بەغدا هەن کە چواریان زۆر ورد و پێشکەوتوون."
ئەو وێستگانەی دانراون، چاودێریی چەندین جۆر مادە دەکەن، لەوانەش تەنۆکە وردەکانی2.5 PM، ئۆکسیدەکانی کبریت و نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆزۆنی زەوی و توخمە قورسەکانی وەک قورقوشم.
عەمار عەتا گوتی: "دوای بەغدا پێشنۆرەییمان بۆ هەردوو پارێزگای بەسرە و کەرکووک دەبێت، چونکە ئەو دوو پارێزگایە ناوەندی چڕی چالاکییە پیشەسازی و نەوتییەکانن و پێویستییەکی زۆریان بە چاودێریی بەردەوامی کواڵیتی هەوایە."
راوێژکارەکەی وەزیری ژینگەی عێراق گوتیشی: "ئێستا هاووڵاتییانی بەغدا دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە و بە کلیککردن لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە، راستەوخۆ نیشاندەری کواڵیتی هەوا لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا ببینن:
https://display.oizom.com/d/1cf7587f8c7b29766b9d2b32a7b47d20/t4?view=widgets
وەزارەتی ژینگەی عێراق، شاری بەغدای بۆ چوار ناوچەی سەرەکی دابەشکردووە بۆ چاودێریکردنی هەوا:
- ناوچە نیشتەجێبوونەکان: بۆ زانینی کواڵیتی ئەو هەوایەی هاووڵاتییان هەڵیدەمژن
- شەقام: بۆ زانینی کاریگەریی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر ژینگە
- ناوچە پیشەسازییەکان: بۆ چاودێریی گازە دەرچووەکانی کارگەکان
- ناوچەکانی دەرەوەی شار: وەک سەرچاوەیەکی پاک بۆ بەراوردکردن لەگەڵ ناوچەکانی دیکە
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "IQAir" کە تایبەتە لە چاودێریکردنی کواڵیتی هەوا لە جیهاندا، پار عێراق لە پلەی 12یەمی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بووە لە رووی پیسی هەواوە.
میسر 13یەم و کوێت لە پلەی 14یەم بووە.
مەغریب پاکترین هەوای هەبووە، دوای ئەویش جەزائیر لە پلەی دووەم و ئوردن لە پلەی سێیەم هاتبوون.


