رووداو دیجیتاڵ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە نووسراوێکدا داوا لە دادگەی باڵای کارگێڕی دەکات، رێگری بکرێت لە هەر دەستکارییەکی پێگەی کارگێڕی ناحیەی قەرەتەپە و بەقەزاکردنی. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێ، نابێت دەستکاری ناوچەکانی مادەی 140 بکرێت. هادی عامری، سکرتێری گشتیی لیژنەی مادەی 140 رۆژی 24ی ئەیلوولی 2026 نووسراوێکی ئاراستەی دادگای باڵای کارگێڕی کردووە و تێیدا هاتووە: مادەی 140 مادەیەکی دەستوورییە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات. ناوچەکانی (خانەقین، جەلەولا-گوڵاڵە-، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە، مەندەلی، کفری) لە سنووری پارێزگای دیالە ناوچەی کێشەلەسەرن. لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لکاندن یان جیاکردنەوەی هەر بەشێک لەو ناوچانە بە ناوچەیەکی دیکەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و جەوهەری لە سنووری کارگێڕییاندا، لەبەرئەوەی ناحیەی قەرەتەپەش یەکێکە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و دەکەوێتە چوارچێوەی رێکار و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای مادەی 140. لیژنەکە داوا دەکات رێنمایی بدرێت بە پارێزگای دیالە کە دەستکاریی پێگەی کارگێڕیی ناحیەی قەرەتەپە و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە نەکرێت و نەکرێنە قەزا تاوەکو ئەو کاتەی بڕگەکانی مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەت کە دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی بڕیاری ژمارە (71) لە 28ـی تەمووزی 2019 جەختی لە بەردەوامی و کارابوونی مادەی 140 کردووەتەوە. سروە محەممەد، نوێنەری گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ناوچانە دەکەونە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق و بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستکاری بکرێن، هەروەها هەر هەنگاوێک لەو بارەیەوە پێویستە بە رێککەوتن بێت. نوێنەرەکەی گەرمیان، کە هاوکات بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بەم دواییانە لە دیالە هەڵمەتێک دەستیپێکردبوو بۆ ئەوەی ناحیەکانی خانەقین بکرێنەوە بە قەزا، لە کاتێکدا خانەقین یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی ناوچەکە. بە گوتەی سروە محەممەد، بڕیارەکەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140، تەنیا بۆ قەرەتەپە نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو ناحیە و ناوچانەی دیکەشە، کە هەوڵی دەستکاریکردنیان دەدرێت.