رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە؛ هەردوولا سەرەڕای سەرکۆنەکردنی تووندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، جەختیان لە چارەسەری بنەڕەتییانەی کێشەکان، پرسی مووچە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 و بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی لە شاری بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە. لە سەرەتای دیدارەکەدا هەردوولا بە تووندترین شێوە هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان لە چەمچەماڵ سەرکۆنە کرد و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە کۆتایی بە هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بهێندرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر پلانی حکومەتەکەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا و رایگەیاند کە ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنان بگەیێننە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و تاوەکو ساڵی 2032 بگاتە 10 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە. زەیدی روونی کردەوە کە ئەم بڕە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش لەخۆدەگرێت کە دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان و دۆخی ئابووریی عێراق دروست دەکات.

هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 کردەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی:
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق کردەوە.
بودجەی گشتیی 2027: تاوتوێکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و دانانی میکانیزمەکانی تەرخانکردنی لەسەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکان دا بێت.
یاسای نەوت و گاز: جەختکردنەوە لە پێویستیی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە.
بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان: گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و رێکخستنی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی بنەما دەستوورییەکان.
داهاتی نەوتی و نانەوتی: دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردن و رێکخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی، هاوکاریی هاوبەش، دانوستاندن و لێکتێگەیشتن کردەوە وەک تاکە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی تەواوی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.


