رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پاڵپشتیی واشنتنی بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق دووپات کردەوە. نێردەی ئەمریکا دەڵێ، عێراق لەبری وابەستەیی و بوون بە بریکار، سەروەری و هاوبەشیی هەڵبژاردووە و کار بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی دووەمی 2026، تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکو یاریی مەتەڵی (روبیک) وایە کە هەر لایەنێکی دەستکاری بکەیت کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی دیکە دروست دەکات، بۆیە هیچ وڵاتێک بە تەنیا ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات بەڵکو دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بە ئارامی و پێکەوە کار بکەن.
هەڵوێستی عێراق و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ واشنتن
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، ستایشی هەڵوێستی عێراقی کرد لە سەردەمی عەلی زەیدیدا و گوتی، عێراق وەبەرهێنانی لەبری چەقبەستوویی هەڵبژاردووە و دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی قووڵتر بکاتەوە.
باراک ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن دەرگا بۆ کۆمپانیا و کارسازانی عێراق دەکاتەوە تاوەکو خۆشگوزەرانی بۆ هەردوولا مسۆگەر بکەن.
هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە سەرانسەری ناوچەکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی قەیرانەکان کرد لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە.
نێردەی ئەمریکا جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەبنەرەتدا لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکەیە و ئەمریکاش هاوکار و هاوبەش دەبێت نەک جێگرەوەیان.
باراک گوتیشی، عێراقێکی سەروەر و پێشکەوتوو کە رۆڵ لە سەقامگیریی ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەم لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان و دراوسێکانیەتی و هەم لە بەرژەوەندیی ئەمریکاشدایە.


