رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سوپای عێراق لەسەر هێڵی بەرگریی نێوان (راوە و حەزەر) جێگیر کران. وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ، ئامانج کۆنترۆڵکردنی ناوچە بیابانییەکان و رێگریکردنە لەوەی پاشماوەکانی داعش ئەو شوێنانە وەک حەشارگە بەکاربهێنن.
لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) رایگەیاند: "هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و رۆژئاوای نەینەوا، دەستیان کردووە بە بەهێزکردنی ئامادەیی خۆیان لەسەر هێڵی بەرگریی (راوە - حەزەر)، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە باکووری رووباری فورات و بەرەو پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین دەڕوات".
هێڵی بەرگریی ( سنووریی عێراق-سووریا)، لە بیابانەکانی قەزای راوەی ئەنبارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە باشوور و رۆژئاوای قەزای حەزەری پارێزگای نەینەوا.
بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوڵ، ئامانجەکانی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپای عێراق، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە بیابانییەکان و راوەدوونانی چەکدارانی داعشە تاوەکو نەتوانن مۆڵگە لەو شوێنانە دروست بکەن، هەروەها دابینکردنی ئاسایش بۆ رێگەیەکی کورت تاوەکو هاووڵاتییان و بارهەڵگرە بازرگانییەکان بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەو ناوچانەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی: "سوپای عێراق بەردەوام دەبێت لە جێگیرکردنی ئاسایش لە بیابانەکان و پاراستنی سەقامگیری."
ناوچە بیابانییەکانی نێوان پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین، کە بە (بیابانی جەزیرە) ناسراون، ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو ناوچانەی کە بەهۆی فراوانیی رووبەرەکەی و نەبوونی ئاوەدانی، چەکدارانی داعش سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ خۆحەشاردان و هێرش.


.webp&w=3840&q=75)
