رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا وانەگوتنەوەی مامۆستایانی حکومی لە زانکۆ ئەهلییەکان قەدەخە دەکات؛ ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق پێشوازی لەو بڕیارە دەکات و دەڵێ، بۆ رەخساندنی هەلیکارە و ئەوانەی لە کەرتی حکومیدا دامەزراون و سوودمەند بوون، چیدی بۆیان نییە لە زانکۆ ئەهلییەکان وانە بڵێنەوە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2026)، بە ئیمزای حەیدەر بەهاء حەسەنی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق ئاراستەی سەرجەم زانکۆکان کراوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تێیدا هاتووە: "لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، بڕیارمان دا بە رێگەنەدان بە بەشداریی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان و ناوەندی وەزارەت وەک وانەبێژ یان راوێژکار لە زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییەکان."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەت بۆ هاوتاکانیان لە خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو بۆ کارکردن لەو دامەزراوانە و پڕکردنەوەی کورتھێنانی میلاکی مامۆستایان تێیاندا. هاوكات، ئەوانەی بەپێی یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی ژمارە 25ـی ساڵی 2016 راژەکەیان بەشێوەی خواستن گواستراوەتەوە بۆ ئەو دامەزراوانە، لەم بڕیارە بەدەر دەبن.
هاوکات لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەدا هاتووە، گشتاندنی پێشووی وەزارەت بە ژمارە (ب ت 3 / 3410) لە (2ـی ئایاری 2023)، کە تایبەت بوو بە رێگەدان بە مامۆستایان بۆ گوتنەوەی وانە لە زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکان، هەڵوەشێندراوەتەوە.
چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق پێشوازی لەو بڕیارە کرد و بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکە بۆ ئەوەیە ئەو خاوەن بڕوانامە باڵایانەی تاوەکو ئێستا لە کەرتی حکومیدا دانەمەزراون، دەرفەتیان هەبێت لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان وانە بڵێنەوە؛ بەپێچەوانەوە، ئەوانەی لە کەرتی حکومیدا دامەزراون و سوودمەند بوون، چیدی بۆیان نییە لە زانکۆ ئەهلییەکان وانە بڵێنەوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، بەم بڕیارە هەموو ئەو بڕیارانەی پێشتر هەبوون و رێگەیان بە خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دامەزراو لە کەرتی حکومی دەدا لە زانکۆ ئەهلییەکانیش وانە بڵێنەوە، هەڵوەشاونەتەوە.
بە گوتەی چنار حاجی، ئەم بڕیارە داواکاری لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق بوو، لیژنەکەیان دەنگی لەسەر دا؛ هەرچەندە بەشێک ناڕەزایەتییان هەبوو، بەڵام زۆرینە لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکەدا بوون.
د. نەزاکەت حوسێن، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، لایەنە ئەرێنییەکەی ئەوەیە کە مامۆستا تەنیا لە یەک زانکۆ وانە دەڵێتەوە و گرنگی بە توانای زانستی خۆی دەدات، هەروەها دەرفەتیش دەرەخسێنێت بۆ ئەوانی خاوەن بڕوانامەی باڵان کە دانەمەزراون، بۆ ئەوەی وانە بڵێنەوە، لایەنە نەرێنییەکەشی ئەوەیە ناکرێت زانکۆی ئەهلییەکان تەنیا بە مامۆستای تازە بەڕێوەببرێت، چونکە تازەن و وەک پێویست ئەزموونیان نییە.


