هەستیار قادر رووداو - هەولێر وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی پارێزگای بەسرە، دەستیان بەسەر دوو بەلەمدا گرتووە کە هەوڵی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان دەدا بۆ دەرەوە. چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی دەریایی سەر بەو وەزارەتە لە بنکەی ئومقەسر لە پارێزگای بەسرە کراوە. وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی بەرهەمی نەوتییان پووچەڵ کردووەتەوە، کە لە رێگەی ئاوی هەرێمیی عێراقەوە کرابوو. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەست بەسەر دوو بەلەمدا گیراوە کە کاری نایاساییان کردووە و رێگرییان لێکراوە و دەرکەوتووە کە یەکێکیان بەرهەمە نەوتییەکانى تێدابووە و هەوڵدراوە بە قاچاخ ببرێن. وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە تیمی سەر هەردوو بەلەمەکەیان دەستگیرکردووە. دەشڵێت، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بووە بۆ راوەدوونانی تۆڕەکانی بەقاچاخبردن و پاراستنی سامانی نیشتمانی.