رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە بە تەواوی پارێزگاری لە خۆپیشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییان بکەن. جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت مامەڵەی مرۆیی پێش نۆرەیی کارەکانیان بێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (22ی تشرینی یەکەمی 2026)، رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی خولیی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنیی وڵات و دەرکردنی بڕیار و راسپاردە لەسەری کرا".
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستووریی هاووڵاتییانە و پێویستە هێزە ئەمنییەکان ژینگەیەکی ئارام بۆ خۆپیشاندەران دابین بکەن".
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای کرد: "هێزەکان بە شێوەیەکی گونجاو و دوور لە تووندوتیژی مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان پێش نۆرەیی یەکەمی ئەوان بێت."
هەروەها باس لە پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان کرا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاری دا کە گرنگیی زیاتر بە "سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هێزی ئاسمانی" بدرێت، تاوەکو عێراق بتوانێت بە تەواوی پارێزگاری لە ئاسمان و سەروەریی خۆی بکات.
مانگی تشرینی یەکەم لە عێراق، هاوکاتە لەگەڵ یادی خۆپیشاندانە گەورەکانی ساڵی 2019 کە بە (خۆپیشاندانەکانی تشرین) دەناسرێت.
ساڵانە لە25ـی تشرینی یەکەم، چالاکڤانان و گەنجان بۆ داواکردنی چاکسازی و خزمەتگوزاری خۆپیشاندان دەکەن هەمان داواکاری خۆپیشاندانی تشرینی 2026 دەڵێنەوە.


