رووداو دیجیتاڵ راوچییانی بەندەری فاو لە بەسرە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ناچارن بچنە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەوێ لەلایەک مەترسیی هێزە دەریاییەکانی ئێران و کوێت و لەلایەکی دیکەشەوە گرانیی سووتەمەنی و نەبوونی پشتیوانیی حکومەت، ژیانیانی سەختتر کردووە. لێرە کەناراوەکانی بەندەری فاوی بەسرەیە، رۆژانە دەیان راوچی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە بەندەرەکەوە دوور دەکەونەوە و دوای چەندین شەو مانەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە عەلوەی ماسیفرۆشان ساغ بکەنەوە. رەزا حەیدەر ساڵح، دەریاوانێکی بەسراوییە و بە رووداوی گوت، ''بەلەمە گەورەکان کە دەردەچن، 11 رۆژ دەمێننەوە... ئێمە ئاومان نیە، لەملاوە بڕۆی ئێرانییەکان دەتگرن، لەولاوە بڕۆی کوێتی دەستگیرت دەکات، ئێمە لەو ناوەندەدا ماوینەتەوە.'' ئاوەکانی عێراق بە هەبوونی دەگمەنترین و بەتامترین جۆرەکانی ماسی بەناوبانگن. لە وەرزی هاویندا جۆرەکانی زبێدی، سوبور، نوێبی و ڕۆبیان ڕاو دەکرێن و لە زستانیشدا هامور، نەگرور و سوبرە بە تۆڕی راوچیانەوە دەبن. سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە، راوچییەکان گلەیی زۆریان هەیە. بەدران عیسا تەمیمی، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕاوچیانی فاو، بۆ رووداو دەڵێت، ''هیچ هاوکارییەک لە حکومەتەوە نیە بۆ کۆمەڵەکەمان و راوچییەکان، دەستدرێژی و سوکایەتی لەلایەن کوێتەوە بۆ سەر راوچیانی عێراق بەردەوامە.'' لەلایەکی دیکەوە، مستەفا بەسراوی، کە راوچییە، باس لەوە دەکات کە ''ئەوەی ئێستا راوچی تەنگەتاو کردووە دابین نەکردنی گازوایلە لەلایەن حکومەتەوە کە زۆر گران بووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی ماسی دروستکردووە.'' ئەم کێشانە وایانکردووە کە ژمارەی بەلەمە تۆمارکراوەکان لە 1600 بەلەمی گەورە و 4 هەزار بەلەمی ئاساییەوە بۆ کەمتر لە 500 بەلەم دابەزێت، هەروەها ژمارەی راوچیەکانیش لە 50 هەزارەوە بۆ 7 هەزار کەمبووەتەوە.