رووداو دیجیتیاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی پارێزگای ئەنبار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەری دیالە، لە بۆسەیەکدا لە قەزای خانەقین دەستی بەسەر 600 هەزار حەبی کەپتاگۆندا گرت، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی رەوانەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بکرێن.
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ( 21ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە ئەنجامی هەوڵێکی هەواڵگری و بەدواداچوونی بەردەوام، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی ئەنبار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی دیالە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە قەزای خانەقین جێبەجێ کرد."
بەگوتەی عەمید عەباس بەهادلی، ئۆپەراسیۆنەکە گورزێکی پێشوەختە بوو لە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی و لە ئەنجامدا "دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیرکران و دەست بەسەر 600هەزار دانە حەبی کەپتاگۆندا گیرا، کە کێشی گشتییان نزیکەی 105 کیلۆگرام دەبێت".
هەروەها راشیگەیاند، بارە هۆشبەرەکە ئامادە کرابوو تاوەکو لە رێگەی سنوورەوە بە قاچاخ رەوانەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بکرێت، بەڵام پێش دەربازکردنی ئاشکرا کرا و تەواوی بارەکە دەستی بەسەردا گیرا.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەم ساڵ دەستیان بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا داگرتوە و 4 هەزار و 644 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراون، کە 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسیش سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە ساڵی 2026دا 304 تۆڕی نێوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە؛ هەروەها 21 ئۆپەراسیۆن لە دەرەوە کراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا 32 جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانیان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر روویداوە. لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 31ـی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون.
مانگی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، نزیکەی تۆنێک هۆشبەر و دەیان هەزار حەبی کارتێکەری دەروونییان لەنێو بردووە، ئەوەش وەک قۆناخی کۆتایی بۆ رێگری لە دووبارە بڵاوبوونەوەیان لەنێو کۆمەڵگەدا.



