رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مۆڵەتی دامەزراندنی بەخشییە 16 زانکۆ و کۆلێژی نوێی تایبەت لە بەغدا و پارێزگاکان، لە نێویاندا دوو زانکۆ و کۆلێژ لە کەرکووک.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە واژۆی حەمید نەعیم غەزی، ئەمینداری گشتی لەسەرە و رۆژی 17ی ئەم مانگە دەرچووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە (569)ـی پەسند کردووە بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندن بە 16 زانکۆ و کۆلێژی تایبەت، بە ئامانجی وەرگرتنی ژمارەی زیاتری خوێندکاران.
د. عومەر ئینجە، راگری کۆلێژی ئادابی زانکۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە، بەڵام ئەم بڕیارە لە واقیعدا هێشتا لەسەر زەوی جێبەجێ نەکراوە و لە قۆناخی سەرەتاییدایە. پڕۆسەکە کاتی دەوێ، چونکە مەرجی زۆری پێویستە وەک هەبوونی باڵەخانەی شیاو، دیاریکردنی مامۆستا و ستافی پێویست."
راگری کۆلێژی ئادابی کەرکووک لەبارەی لایەنی دارایی ئەو پڕۆژانە گوتی: "بەدڵنیاییەوە خەڵکی دەوڵەمەند و سەرمایەدار لە پشتی دامەزراندنی ئەم زانکۆیانەن و پاڵپشتیی داراییان دەکەن."
سەبارەت بە شوێنی جوگرافیی ئەو زانکۆیانە لە سنووری کەرکووک، د. عومەر ئینجە روونیکردەوە: "بەپێی زانیارییەکان، زانکۆی عەرەفە دەکەوێتە سەر رێگەی کەرکووک بەرەو تکریت. باس لەوە دەکرێت زانکۆیەکی دیکەش یان کۆلێژێک دەکەوێتە سەر رێگەی چەمچەماڵ."
بەپێی خشتەی هاوپێچی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، زانکۆکان بەمشێوەیە دابەش دەبن:
- کەرکووک (2 زانکۆ و کۆلێژ): زانکۆی عەرەفەی ئەهلی، کۆلێژی بیلاد ما بەین نەهرەین.
- بەغدا (5 زانکۆ و کۆلێژ): کۆلێژی ئەکادیمییەکان، زانکۆی لارسا، زانکۆی موتەحیدە، زانکۆی میسک، کۆلێژی تالیان بۆ پزیشکیی مرۆیی.
- ئەنبار (2 زانکۆ): زانکۆی حەمورابی، زانکۆی نون و قەڵەم.
- واست (2 زانکۆ و کۆلێژ): کۆلێژی عالەم، زانکۆی نەخیل واسیت.
- زیقار: زانکۆی ئۆما.
- دیوانییە: زانکۆی رومەیسە.
- بەسرە: زانکۆی خەلیج.
- نەینەوا: زانکۆی ئەنوار.
- بابل: زانکۆی ماسە.
پەرلەمانی عێراق: 113 زانکۆی تایبەت بەسە و ئاستی زانستی دادەبەزێ
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدەن. پەرلەمانتار د. حەیدەر موتەیری لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە عێراقدا 113 زانکۆ و کۆلێژی ئەهلی هەن و ئەم ژمارەیە بەشی پێویستیی وڵات دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە، پەلەکردن لە کردنەوەی زانکۆی نوێ بەبێ گرنگیدان بە کواڵیتی، ئاستی خوێندنی باڵا رووبەڕووی "دابەزینێکی مەترسیدار" دەکاتەوە، هەروەها سێ سەرپێچیی لە پرۆسەی مۆڵەتدانەکەدا دەستنیشان کردووە:
- نەبوونی گرێبەستی دەستەخوشکی لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن.
- سەرپێچیکردنی رێنماییەکانی کردنەوەی کۆلێژە پزیشکییەکان.
- نەبوونی رەزامەندیی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای ئەهلی بەپێی یاسای ژمارە (25)ـی ساڵی 2016.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، سەرجەم ئەو رسووماتانەی لەم زانکۆ نوێیانە وەردەگیرێن دەچنە نێو خەزێنەی دەوڵەت و دواتر لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە دەخرێنە خزمەت "سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان".



