رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، ستایشی "دیدگای بەهێزی" عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رایگەیاند، هەردوولا هاوڕان لەسەر گەیاندنی پەیوەندییەکان "بۆ ئاستێکی بێوێنە." هاکان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق پرسی ئاسایش، وزە، رێگەی گەشەپێدان و دۆخی شنگالی تاوتوێ کرد.
رۆژی شەممە، لە پەراوێزی 52یەمین خولی کۆنفرانسی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فیدان رایگەیاند: "بەرێز زەیدی دیدگایەکی زۆر بەهێزی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا هەیە. ئێمەش کاریگەریی ئەرێنی و بونیاتنەرانەی ئەم دیدگایە لە سیاسەتەکانی عێراقدا دەبینین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتیکردەوە کە ئەنقەرە پشتیوانی لە سیاسەتە بونیاتنەرەکانی حکومەتی عێراق دەکات و هەردوولا هاوڕان لەسەر گەیاندنی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بێوێنە.
تاوتوێکردنی ئاسایش، شنگال و رێگەی گەشەپێدان
بە گوتەی هاکان فیدان، گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندین پرسی گرنگیان لەخۆگرتووە، لەوانەش وزە، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، هاریکاریی ئەمنی و بەرگری و دۆخی شنگال.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد کە باسیان لە پرسی ئابووری و ئەمنی ناوچەکە کردووە.
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لەو کاتەی سەرۆکی هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا بووە، پەیوەندی باشی لەگەڵ فەییاز هەبووە. سەبارەت بە نێوەرۆکی کۆبوونەوەکەش فیدان رایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی حەشدی شەعبی، پێشهاتە هەرێمییەکان، هەنگاوەکانی چەکداماڵینی هەندێک گرووپی چەکدار لە عێراق و هاریکاریی ئەمنیی دووقۆڵی کردووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی" سڵاوی سەرۆک ئەردۆغانم پێگەیاند و باسی رۆژەڤی پەرلەمانی عێراقمان کرد."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەتی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کرد و گوتی :"پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیم لێکرد، گرنگە کەسێک لە جەبهەی تورکمانی ببێتە وەزیر لە کابینەی حکومەتی عێراق."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەمعان وەک وەزیری دەوڵەت، فیدان گوتی:" سوپاسی سەرۆک ئەردۆغانم گەیاندە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ هەوڵەکانیان."
لە کۆتاییدا فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا و عێراق بران؛ لەرووی جوگرافی و کولتوور و مێژوو درێژکراوەی یەکدین.
.jpg&w=3840&q=75)
