رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، عێراق نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی بەرکەوتووە. هۆشداریش دەدات کە بەردەوامیی ئەم ململانێیە قەیرانی وزەی جیهانی قووڵتر دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوێنێ پێنچشەممە، فوئاد حوسێن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا باسی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هاوئاهەنگیی ئەمنی لە قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرا."
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی عێراق و جیهان هەبووە".
گوتیشی: "عێراق بە تەنیا 60 ملیار دۆلار زیانی دارایی پێگەیشتووە، ئەم ململانێیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستمە ئابوورییەکانی ئەورووپاش دەبێت."
فوئاد حوسێن سوپاسی حکومەت و گەلی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش دا، بەتایبەت رۆڵی ئیتاڵیای لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
هەردوولا رێککەوتن کە ئەم هاوکارییە سەربازییانە لە داهاتوودا و لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوولایەنەکاندا بەردەوام بن.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپا کرد کە دەستپێشخەریی ئاشتی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. گوتیشی: "پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان تاوەکو ناوچەکە لە جەنگێکی گەورەتر بپارێزرێت."
هەروەها باسیان لە یەکلاکردنەوەی دۆسیە دارایی و سەربازییە کۆنەکان کرد کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە.
.avif&w=3840&q=75)

