رووداو دیجیتاڵ
لیوا سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو باسی لە دۆخی ئەمنیی عێراق کرد و رایگەیاند، داعش هێشتا لە عێراق ماوە، بەڵام "کاریگەری و مەترسیی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق نییە."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شوێنانەی رێکخراوەکەی لێیە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە ناسراون و دەستنیشانکراون. دەشڵێت دەزگای دژەتیرۆری عێراق کە تایبەتمەندە بە ئۆپەراسیۆنە جۆرییە تایبەتەکان و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، "لە ئاستێکی زۆر بەرزدا کار دەکات."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا گرێبەستیان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و کۆریای باشوور کردووە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ عێراق، هەروەها سندووقێکی داراییی تایبەت بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی تەرخان کراوە و لە چەند مانگی داهاتوودا یەکەمین سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگاتە عێراق.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی
ئەمنیی یەکلاکەرەوەدایە لە ڕووی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، سنووردارکردنی چەک لە
دەستی دەوڵەتدا و هەروەها دۆسیە ئەمنییە ناوخۆیییەکان. ئەم دۆسیە هەستیارانە لەگەڵ
لیوا سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق تاوتوێ
دەکەین کە میوانی منە لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا. جەنابی لیوا، زۆر بەخێربێیت.
سەباح نوعمان: سڵاو، زۆر سوپاس.
رووداو: چۆن ئەم قۆناغە لە رووی ئەمنییەوە
وەسف دەکەن، عێراق ئەمڕۆ لە چ قۆناغێکدایە؟
سەباح نوعمان: زۆر سوپاس. سڵاوم هەیە بۆ تۆ و بۆ تیمی
کەناڵی رووداو، سوپاس بۆ ئەم میواندارییە و ئامادەبوونمان لە هەولێر لە پەراوێزی
ئەم کۆنفرانسەدا. لە راستیدا دۆخی ئەمنی لە عێراق بە گشتی سەقامگیرییەکی بەرچاوی
بەخۆیەوە بینیوە. ئەم سەقامگیرییە دوای هەوڵ و کۆششێکی سەخت هات، کە هێزە
ئەمنییەکانی عێراق و لە پشتی ئەوانیشەوە گەلی عێراق لە راوەنانی رێکخراوە
تیرۆریستییەکان و بەدەستهێنانی ئاستی سەقامگیریی ئەمنیدا کێشایان. بە دڵنیایییەوە
ئاستەنگ لەبەردەم هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا هەن، بەڵام ئەزموونی مەیدانی و ئەم
ململانێ درێژخایەنە لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەوەی هاوشانی ئەم جەنگە لە
دامەزراندنی سیستەم و سەقامگیریی ئەمنی هاتە کایەوە، وامان لێ دەکات بتوانین رووبەڕووی
ئەم ئاستەنگانە ببینەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەکە بەگشتی دۆخێکی نائارام بەخۆیەوە
دەبینێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ عێراق بە دەستکەوت ئەژمار دەکرێت، کە ئێمە راستەوخۆ
نەچووینەتە نێو قووڵاییی ئەم قەیرانەوە؛ بەڵێ، کاریگەریمان لەسەر دروست بووە،
بەڵام سوپاس بۆ خودا بەراورد بەوەی عێراق بەخۆیەوە بینیویەتی و بەراورد بە وڵاتانی
دەوروبەرمان کە سەقامگیرن، ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی لە عێراق لە نێوەندی ئەم هەڕەشە
هەرێمییانەدا دۆخێکی باشە.
رووداو: جەنابی لیوا، گەورەترین ئاستەنگەکان
چین؟ مەبەستم ئاستەنگە ئەمنییەکانە.
سەباح نوعمان: ئێمە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی
پێناسەی ئاستەنگەکانداین بەپێی بارودۆخ و پێدراوەکان. لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا
ئاستەنگی یەکەم تیرۆر بوو. ئەمڕۆ هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی رێکخراوی تیرۆریستی
ئەوەیە، کە رێکخراوە تیرۆریستییەکە مەترسی نییە بۆ سەر عێراق، مەترسی نییە بۆ سەر
کۆمەڵگەی عێراقی، مەترسی نییە بۆ سەر دۆخی ئەمنی. هەرچەندە داعش هێشتا بوونی هەیە،
بەڵام ئەو کاریگەرییەی نەماوە، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن تەواوی
پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها بەهۆی نەمان و
لەناوچوونی ژینگەی لەبار و حەوانەوە بۆ ئەم رێکخراوە. لەوانەیە شایەتی ئاستەنگێکی
زۆر گەورە بین کە ئاستەنگی ماددە هۆشبەرەکانە؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی
ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرجەم دەزگاکان، لە راستیدا کار لەسەر
بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە دەکەن و ئەنجامی زۆر گەورەشیان بەدەستهێناوە. کشانەوەی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، بەڵگە و نیشانەی سەرکەوتنی
تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، ئەم کاتانەش هەر لەخۆوە دیاری نەکراون، بەڵکو
دوای لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەمنی لەلایەن فەرماندە ئەمنییەکان و لەسەر بنەمای
لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاتوونەتە ئاراوە.
رووداو: بەڵام جەنابی لیوا، دوای ئەم
کشانەوەیە، دووبارە باس لە مەترسیی داعش کرایەوە. ئێستا قەبارەی مەترسیی داعش لە
عێراق چەندە، بە دیاریکراوی لە چ ناوچەیەکی جوگرافیدایە؟
سەباح نوعمان: داعش مەترسییەکی گەورە لە عێراق
پێکناهێنێت و ئەم قۆناغە و لە داهاتووشدا کۆنتڕۆڵکردن لەلایەن ئەم رێکخراوە
تیرۆریستییەوە یان بوون و کاریگەری بەسەر دۆخی وڵاتەوە نابینرێت. بەڵێ، لەوانەیە
لێرە و لەوێ هەندێک ئۆپەراسیۆن رووبدەن، کە مەبەست لێیان سەلماندنی بوونی خۆیانە،
مەبەست ئەوەیە رێکخراوەکە هەست بکات هێشتا ماوە، بەڵام ناگاتە ئاستی ئاستەنگێکی
ئەمنیی گەورە. ئەو شوێنانەی رێکخراوەکەی لێیە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە
ناسراون و دەستنیشانکراون. ئەمڕۆ دەزگای دژەتیرۆری عێراقمان هەیە، ئەم دەزگایەی کە
تایبەتمەندە بە ئۆپەراسیۆنە جۆرییە تایبەتەکان و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە
تیرۆریستییەکان؛ ئەمڕۆ ئەم دەزگایە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا کار دەکات، بە سیستەمێکی
هەواڵگری و بە ئاسۆ و رێبازێکی هەواڵگریی تا رادەیەک نوێ بەراورد بە قۆناغی رابردوو
کار دەکات. بەردەوام لە خوێندنەوەی نەیار و نیازەکانی رێکخراوەکەدایە و رۆژانە
چەندین ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی هەیە. ئەمڕۆ ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی کاردانەوەوە
پەڕیوینەتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی پێشدەستی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەتی
هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆرەوە لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن، کە بوونی دوژمنیان تێدا
دەستنیشان دەکەین.
رووداو: باستان لەوە کرد کە ئێستا داعش
مەترسی لەسەر عێراق دروست ناکات، ژمارەی چەکدارانی داعش یان شانە نووستووەکانی
داعش لە سنووری جوگرافیی تەواوی عێراقدا بە چەند دەخەمڵێندرێت؟
سەباح نوعمان: واتە وەک ژمارەیەکی نزیکەیی،
ژمارەکەمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام گرنگتر لە ژمارە یان بوونی رێکخراوەکە ئەوەیە
کە ئێمە توانای پێشگرتنمان لە بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی رێکخراوەکە و بیری تووندڕەوی
هەیە. ئەمەش ئەو رێبازە نوێیەیە کە هێزە ئەمنییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان کاری
لەسەر دەکەن، کە بریتییە لە پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی رێکخراوی خاوەن بیری تووندڕەو.
ئەمەش بە دڵنیایییەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکان و لە ساڵانی رابردوودا، ئەم
بیرۆکەیە بەشدار بوو لە راکێشانی گەنجان و پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوە
تیرۆریستییەکەوە. ئەمڕۆ هیچ مەترسییەکی شوێنی و نە ژمارەییی رێکخراوەکە بوونی نییە،
بەهۆی توانا و لێدانە بەردەوامەکانمانەوە. ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی رێکخراوەکە
بوونی نییە، ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناغی بنبڕکردنی یەکجارەکیی بیری تووندڕەویدا کار
دەکەین و ئەمەش...
رووداو: بە سەدان؟ بە هەزاران؟ بۆ نموونە
ڕاپۆرتەکان لە سووریا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە 2000 بۆ
10,000 چەکدار دەکەن، دۆخەکە لە عێراق چۆنە؟
سەباح نوعمان: بە دڵنیایییەوە رێکخراوە
تیرۆریستییەکە کاتێک لە عێراق تێکشکێندرا و شکستی هێنا، پەڕییەوە بۆ سووریا، چونکە
دۆخەکە نائارام بوو و ژینگەیەکی لەباری حەوانەوەش لەوێ دروست ببوو. بەڵام ئەمڕۆ
خوێندنەوەی ئێمە بۆ دۆخی رێکخراوەکە لە سووریا ئەوەیە کە بەو هێزەش نییە. لەوێ
هەوڵەکانی حکومەتی نوێ هەن، هەروەها تواناکانیش دەستیان بە گەشەسەندن کردووە.
ئەمڕۆ ڕێکخراوەکە بەدوای ناوچە لاواز و شلۆقەکان و ژینگەی لەباردا دەگەڕێت،
هەڵسەنگاندنیشمان ئەوەیە کە رێکخراوەکە ئێستا لە ئەفریقایە، بەتایبەتی لە کەناری
ئەفریقا، لەوێ چالاکە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و دۆخی ئابووری و دۆخی ئەمنیی لەرزۆک
و لاواز لەو ناوچانەدا. هەوڵ دەدات لەوێ جێگیر ببێت و دەست بکات بە ناردنی
پەیامەکانی. ئەو راپۆرتانەی لەبەردەستی ئێمەدان ئەوە دەردەخەن، کە هیچ کاریگەری و
مەترسییەکی گەورە یان ئۆپەراسیۆنی بەهێزی رێکخراوەکە لە عێراقدا نییە، تەنانەت لە
سووریاش چەندین سەرکردەی رێکخراوەکە لە سووریا کوژراون و لە رێگەی زانیاریی لایەنی
عێراقی و هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆرەوە لەناو براون.
رووداو: ئایا هیچ هەماهەنگییەکی هاوبەش لە
نێوان ئێوە و سووریادا هەیە؟
سەباح نوعمان: لە ماوەی رابردوودا ئەم
زانیارییانە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەنێردران و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی،
بەتایبەتی ئەمریکییەکان، هێرشیان لە سووریا ئەنجام دەدا ،کە چەندین سەرکردەی ئەم رێکخراوەی
کردە ئامانج. ئەمڕۆ هیچ سەرکردەیەکی داعش لە ناوخۆی عێراقدا نییە، ئەوان تەنیا
چەند گرووپێکی کەمن، کە هەوڵ دەدەن بە دووری بمێننەوە، واتە با پێت بڵێم بەدوای
دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ رزگاربوون، ئەمەیە کە رێکخراوەکە هەوڵی بۆ دەدات...
رووداو: دوای چوونە دەرەوەی هاوپەیمانیی
نێودەوڵەتی لە عێراق، ئایا هەماهەنگی لە نێوان ئێوە و لایەنی سووریدا بۆ
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ماوە؟
سەباح نوعمان: ئەمڕۆ
پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا لە راستیدا ئاراستەی نوێیان وەرگرتووە. ئەمڕۆ
هەردوو لا بە رووی یەکتردا کراوەن، تێڕوانینی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە
دەیەوێت پەیوەندیی هەرێمی و پەیوەندیی هاوسەنگ و پەیوەندیی لەسەر بنەمای
بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد بنێت، بە دڵنیایییەوە بەرژەوەندیی عێراقیش لە سەرووی
کارە لەپێشینەکان و تێڕوانینی بەڕێز سەرۆکوەزیراندایە. ئەم پەیوەندییانەش، بەتایبەتی
پەیوەندییە ئابوورییەکان، رەنگدانەوەیان لەسەر پەیوەندییە ئەمنییەکان دەبێت، چونکە
ئابووری بەدوای ئاسایشدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی ئەو
ئابوورییە بڕەخسێنێت. بۆیە ئەمڕۆ پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا لەسەر ئاستی سیاسی و
ئابووری زۆر باشە. ئەمڕۆ داخستنی گەرووی هورمز دەرگایەکی هەناردەکردنی لە رێگەی
سووریاوە بۆ کردینەوە، هەروەها هەوڵێک هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە ئابووری و
حکومییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ وەبەرهێنان لەم سەقامگیرییە ئەمنییە
و ئەم هەماهەنگییە بۆ ئەوەی پرۆسەکانی هەناردەکردن لە سووریاوە زیاد بکەن، چ لە رێگەی
کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە بێت یان ئەو بۆرییەی کە بڕیارە لە ڕێگەی بانیاسەوە پەرەی
پێ بدرێت. بۆیە بە دڵنیایییەوە وەک سیستەمێکی ئەمنی و لایەنە ئەمنییەکان، ئێمە
بەرپرسیارین لە دابینکردن و بەردەوامیدان بەم ژینگەیە و ئەم هاوبەشییە ئابوورییە.
رووداو: تێبینیی زیادبوونی جووڵەکانی داعش
لە هەندێک ناوچەی پارێزگای کەرکووک کراوە، چۆن رووبەڕووی ئەمانە دەبنەوە؟
سەباح نوعمان: نەخێر، ئەمانە بەشێکن لەوانەی لە ناوچە دوورەدەستەکانن، واتە لەو
ناوچانەی لە سەنتەری شارەوە دوورن. هێشتا بەشی رۆژهەڵاتی کەرکووک، بەتایبەتی
چیاکان، وەک پەناگەیەک بۆ ئەمانە دادەنرێت، رۆژانەش ئۆپەراسیۆنمان هەیە لەلایەن
هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە. بۆردوومانی ئەو ئەشکەوتانە
لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانییەوە دەکرێت کە ئەوانی تێدان، بۆیە دەڵێم ئێمە
کۆنتڕۆڵی جووڵەکانی داعشمان کردووە.
رووداو: بڕیار بوو دوو لیوای هاوبەش لە
نێوان ئێوە و هێزەکانی پێشمەرگەدا پێکبهێنرێن، ئایا ئەم دوو لیوایە پێکهێنراون و
ئێستا لەو شوێنانەدان کە بۆشاییی ئەمنییان تێدایە یان چی؟
سەباح نوعمان: ئەم
لیوایانە هەن و ئەمەش بەرهەمی ئەم هەماهەنگییە بەرزە و ئەم هاریکارییە ئەمنییە و
ئەم هەستە نیشتمانییەیە لای تەواوی سیستەمی ئەمنیی عێراقی، چ لە ناوەند یان لە
هەرێم. دوو لیوامان پێکهێنا، لیوای یەکەم و دووەمی تایبەت بە ناوچەکانی جێگرنگیی
ئەمنیی هاوبەش، ئەمانە ناوچەی زۆر گرنگیان گرتووەتە دەست، بەتایبەتی باکووری
کەرکووک و موسڵ لە چوارچێوەی سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ.
ئەم دوو لیوایە سەرجەم ئەو بۆشاییانەیان داخستووە، کە لە نێوان سنوورەکانی ناوەند
و هەرێمدا هەبوون، ئەو ناوچەیەش کە لە قۆناغێکدا ناوچەیەکی ئاسان بوو و رێکخراوەکە
ئازادیی جووڵەی تێدا هەبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، چ لە کەرکووک یان
دیالە یان لە موسڵ. ئەمڕۆ ئەم دوو لیوایە بە فەرماندەیی و هەمەجۆرییەکەیانەوە، کە
دوو لیوای هەمەجۆرن لە کورد و عەرەب و نەتەوەکانی دیکە، سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیان
هەیە. لە سەردانەکەی دواییماندا پێش هەفتەیەک، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر
بووین، کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی گرنگیش هەبوو کە چەندین دۆسیەمان تێدا تاوتوێ کرد،
یەکێک لەم دۆسیانەش زیادکردنی پشتیوانی بوو بۆ ئەم دوو لیوایە، چ لە رووی توانای
مرۆیی یان لە رووی توانای هونەری و بەتایبەتی لە بواری کامێرای گەرمیدا.
رووداو: باس لە بەردەوامیی فڕینی فڕۆکە
ئەمریکییەکان لە ئاسمانی عێراقدا دەکرێت دوای چوونە دەرەوە یان کشانەوەی هێزەکانی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئەم راپۆرتانە تا چەند راستن و ئەگەر راستن ئایا ئەم
فڕینانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێوە ئەنجام دەدرێن؟
سەباح نوعمان: ئەمانە لە راگەیاندنەکانەوە دەبیستین. ناوچەکە بە گشتی ناوچەیەکی
ئاڵۆزە و ئاسمانی گشت وڵاتانیش پێشێل کراوە. ئەم دۆخە نائارامەش لە راستیدا وای
کردووە تەمومژێک لەسەر بابەتەکانی فڕۆکە و فڕین و جۆرەکەی هەبێت. پشت بە خوا زۆر
بە زوویی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانییمان پێ دەگات و سیستەمێکی پێشکەوتووی رادارمان
دەبێت، بە دڵنیایییەوە کار بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی ئاسمانیی عێراقی دەکەین. لە
ئەنجامدا، بەشێک لە سەروەرییە تەواوەکەمان ئەوەیە کە فڕین بەسەر ئاسمانی عێراقدا
بە رەزامەندیی حکومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بێت.
رووداو: کەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەگاتە
عێراق و چ جۆرە سیستەمێک دەبێت؟
سەباح نوعمان: ئێمە لە
ماوەی رابردوودا گرێبەستمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا و
کۆریای باشوور کردووە. لە سەردانەکەی دواییی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باس لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ
عێراق کرا. سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سیستەمێکی تەواوە لە رادار، فڕۆکەی
بێفڕۆکەوان، چەک و مووشەکی بەرپەرچدەرەوە. فەرماندەییی بەرگریی ئاسمانی لە وەزارەتی
بەرگریی عێراق پلانی هەیە، ئەم پلانە ستراتیژییە بۆ ماوەی شەش ساڵ بوو، کورت
کرایەوە بۆ سێ ساڵ بە پاراستنی هەمان پێوەر و ئامانج و پلانەکان بۆ پەرەپێدانی ئەم
سیستەمە. هەروەها سندووقێکی داراییی تایبەت بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ کڕینی
سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تەرخان کرا. واتە پشت بە خوا لە چەند مانگی داهاتوودا
یەکەمین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەگات.
رووداو: ئایا ئەم سیستەمانە توانای تەواویان
هەیە بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش لە هێرشەکان؟
سەباح نوعمان: بێگومان، واتە ئەم سیستەمە پێکهاتووە لە سیستەمی راداری مامناوەند و
دوورمەودا، سیستەمی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە، هەروەها سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بەپێی تێڕوانینی فەرماندەییی بەرگریی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەک جێگیر دەکرێن. ئەمە
پێویستی بە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی ناوەندی و دیاریکردنی شوێنی رادارەکان و
دابەشکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە بە شێوەیەک کە سەروەریی تەواو و
پاراستنی تەواوی سەرجەم ئاسمانی عێراق، بە دڵنیایییەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە،
مسۆگەر بکات.
رووداو: وەک دەزانیت جەنابی لیوا، دوای
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە هەشتی ئەم مانگەدا، کەمپێک لە
دەوروبەری هەولێر رووبەڕووی بۆردوومان و هێرش بووەوە. بۆچی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر
هەرێمی کوردستان بەردەوامن؟ هەڵوێستی ئێوە وەک حکومەت چییە؟
سەباح نوعمان: بێگومان حکومەت لە کاتی خۆیدا سەرکۆنەی ئەو کارانەی کرد. هەر کارێک
لە دەرەوەی تێڕوانینی دەوڵەت و لە دەرەوەی بڕیاری دەوڵەت بێت، کارێکی رەتکراوەیە چ
لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی عێراق بێت. بە تەواوی جەختمان لەوە کردووەتەوە کە خاکی
عێراق ناکەینە خاڵی دەستپێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ، لە هەمان کاتیشدا رێگە
نادەین خاکی عێراق، چ لە کوردستان بێت یان شوێنی دیکە، لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە چ
ئێران بێت یان وڵاتێکی دیکە، بکرێتە ئامانجی هیچ جۆرە کارێک. ئەمە رێبازی حکومەتی
عێراقە، سەروەریمان روونە و رێگە بە دەستوەردان نادەین، هەروەک چۆن ڕێگە نادەین
تێوەبگلێین و ببینە بەشێک لە لایەنەکانی ململانێ. ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی
سەرۆکوەزیران کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە سیستەمی چارەسەر و سیستەمی
سەقامگیریی ئەم ناوچەیە، لە ئەنجامدا هەر کارێک یان هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی عێراق رەتکراوەیە،
بێگومان کەناڵی دیپلۆماسیش هەن کە حکومەت کاریان لەسەر دەکات بۆ رێگریکردن لە
دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە.
رووداو: دۆخی شنگال چۆنە؟ کەی رێککەوتنی
شنگال جێبەجێ دەکرێت؟
سەباح نوعمان: شنگال
دۆخێکی تایبەتی هەبوو و بۆ ماوەیەک دۆخەکەی ئاڵۆز بوو، بەڵام لە تێڕوانینی حکومەتی
نوێ و دیدارەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ لایەنەکانی ئەوێ، هەروەها لێکتێگەیشتن
لەگەڵ لایەنی تورکی کە گرەنتیی سەبارەت بە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ
چەسپاندنی ئاسایش وەرگرتووە، بێگومان لە ماوەی سێ مانگدا بنکەکان رادەستی هێزە
ئەمنییەکانی عێراق دەکرێن. هەروەها شاندێکی شنگال سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانیان
کرد و بەڵێنیان دا چەکەکان رادەست بکەن لە ژێر رۆشناییی پلانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی
چەک بە دەستی دەوڵەت، هەروەها بەڵێنیان دا چەکەکانیان رادەست بکەن و بچنە نێو
سیستەمی ئەمنیی عێراقییەوە. هەروەها چەندین رێکار هەن کە حکومەت لەگەڵ لایەنە
پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای موسڵ و ناوچەی شنگال دەیانگرێتەبەر.
رووداو: لە قسەکانتەوە تێگەیشتم کە رێککەوتنەکە
لە ماوەی سێ مانگدا بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت؟
سەباح نوعمان: پشت بە خوا.
رووداو: ئایا سەرجەم ئەندامانی هێزەکانی
پاراستنی شنگال دەخرێنە سەر سوپای عێراق یان دەستەی حەشدی شەعبی؟
سەباح نوعمان: ئەم
بابەتە دەچێتە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و رێکخستنی چەک لە نێو
دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا. لیژنەی ناوەندیی تایبەتمەند لە بەغدا هەن، کە کار
بۆ گرتنەبەری رێکارەکان دەکەن هەروەک چۆن بۆ سێ گرووپی چەکداریی گرنگ لە بەغدا
کراوە. هەروەها رێکارگەلێک هەن کە لیژنەی ناوەندی بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی
سەرۆکوەزیران دەیانگرێتەبەر بۆ رێکخستنی چەک و کەسەکان، بەتایبەتی چەکدارانی شنگال
لە چوارچێوەی سیستەمی ئەمنیی عێراقیدا.
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی من، ئەوان
دەچنە نێو دەستەی حەشدی شەعبییەوە؟
سەباح نوعمان: وەک بنەما دەچنە نێو
دەستەی حەشدی شەعبییەوە، بەڵام ئەم دەستەیەش ئەمڕۆ لە قۆناغی ئامادەکردنی
یاساکەیدایە و یاساکەی ئامادەیە و پشت بە خوا لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت و
پێکهاتەی رێکخراوەیی و فەرماندەییی دەستەی حەشدی شەعبی دووبارە ڕێکدەخرێتەوە،
بەڵام بەگشتی دەڵێم کە ئەوان دەبنە بەشێک لە سیستەمی ئەمنیی فەرمیی عێراق و حەشدی
شەعبیش بەشێکە لەم سیستەمە.
رووداو: ئایا کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە
بەعشیقە پەیوەندیی بە دۆسیەی شنگال و رێککەوتنی شنگالەوە هەیە؟
سەباح نوعمان: نەخێر، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە رەتکردنەوەی هەر بوونێکی بیانی لەسەر
خاکی عێراق لەلایەن عێراقەوە هەیە، هەروەها بە بوونی توانای ئەمنیی عێراقییەوە
هەیە کە توانای پاراستنی وڵات و دابینکردنی ئاسایش و رێگریکردن لە دەستدرێژی بۆ
سەر هەر وڵاتێکی دراوسێی هەیە.
رووداو: لە کۆتاییدا با چەند پرسیارێکت
سەبارەت بە بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت لێ بکەم. بۆچی کۆنتڕۆڵکردنی
چەک بە دەستی دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا؟
سەباح نوعمان: لە ڕاستیدا ئەوە کاتێکی دیاریکراو نەبوو، ئێمە کاتمان دیاری
نەکردووە، بەڵکو رێکارەکانمان دیاری کردووە. ئیرادەیەکی حکومی و ئیرادەی سەرۆکوەزیران
و داواکاریی مەرجەعیەتی رەشید و کۆدەنگیی سیاسی و کۆدەنگیی جەماوەری هەیە لەسەر
ئەوەی ئەم چەکە بەدەست هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقەوە بێت. سەبارەت بە بابەتی
دیاریکردنی کات، لە راستیدا هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بیانوویان بەوە
دەهێنایەوە کە بوونی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق رێگرییان لێ دەکات لە رادەستکردنی
چەکەکانیان، چونکە سەروەریی عێراق ناتەواوە. بەڵام دوای 30ـی ئەیلوول و کشانەوەی
هێزەکانی هاوپەیمانان و نەبوونی هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لە عێراق، حکومەت راستگۆییی
خۆی سەلماند لەوەی کە دۆسیەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی پێ دەهێنێت، بەوەش
تەواوی بیانووەکانی بەردەم ئەوانی دیکە و ئەم گرووپە چەکدارانەی نەهێشت. ئەم
گرووپانەش بە چاوی خۆیان بینییان کە حکومەت لە رێکارەکانیدا راستگۆیە، بۆیە گفتوگۆ
سەبارەت بە پرۆسەی رێکخستنی ئەم چەکە دەستیپێکرد.
رووداو: ئەو گرووپە چەکدارانە کێن کە دوای
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گفتوگۆیان لەگەڵدا کراوە؟
سەباح نوعمان: گفتوگۆ هەبوو تەنانەت پێش کشانەوەی هاوپەیمانانیش. گفتوگۆ لەگەڵ
سەرجەم گرووپەکاندا هەبووە.
رووداو: ئایا هێشتا گرووپی چەکدار هەن کە رادەستکردنی
چەک رەت بکەنەوە؟
سەباح نوعمان: تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک نییە ئەم بابەتە رەت بکاتەوە. ئەم وادەیەش
فاکتەرێکی دڵنیاییە لەلایەن حکومەتەوە، فاکتەرێکە بۆ ئەوانی دیکە تاوەکو جیدییەتی
حکومەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەکە و رێزگرتن لەم چەکە ببینن. لە راستیدا ئەمە
چەکێکی بەڕێز و کوشندەیە و بەشداری کرد لە پشتیوانیکردنی سیستەم و هێزە ئەمنییەکان
لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش و قوربانی و شەهید و برینداریان داوە، لە ئەنجامدا
حکومەت رێز لەم چەکە دەگرێت و رێز لەم قوربانیدانانە دەگرێت. بۆیە ئەم رێکارانە و
ئەم شێوازە و ئەم کاتانە بە نیازپاکی حکومەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا
هاتوونەتە ئاراوە.
رووداو: واتە لەمەوە تێدەگەم کە سەرجەم گرووپەکان
ئامادەن چەکەکانیان رادەست بکەن؟ بەبێ جیاوازی؟
سەباح نوعمان: تاوەکو ئێستا سەرجەم گرووپەکان، هەموو گرووپەکان...
رووداو: بزووتنەوەی نوجەباشی تێدایە؟
سەباح نوعمان: بەڵێ، بەڵێ گفتوگۆی کراوە لەگەڵ هەموواندا هەیە، داواکاریی جەماوەری
و داواکاریی مەرجەعیەت یەکلاکەرەوەیە لەوەی کە هەمووان بەشدار بن لە رادەستکردنی
ئەم چەکە و بڕیاری ئەمنی بە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق و هێزە
ئەمنییەکانی عێراقەوە بێت.
رووداو: ئایا هیچ نییەت یان پلانێک هەیە بۆ
بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەر گرووپێک کە رادەستکردنی چەکەکەی لە عێراقدا
تاوەکو وادە دیاریکراوەکە رەت بکاتەوە؟
سەباح نوعمان: ئێمە هیوادارین پشت بە خوا هەمووان ئامادە بن، بەپێی ئەو ئاماژانەی
لەبەردەستماندان و بەپێی ئەو پەیامانەی لە راستیدا پێمان گەیشتوون، هەمووان دوای 30ـی
ئەیلوول و دوای جیدییەتی حکومەت و سەرکەوتنی حکومەت لە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی
هاوپەیمانان، هەمووان بڕوایان بە تواناکانی ئەم حکومەتە و رۆڵی لە چەسپاندنی
ئاسایشدا هەیە. بۆیە بێگومان پشت بە خوا ئەو پەیامانەی پێمان گەیشتوون پەیامی
ئەرێنین، پشت بە خوا رووبەڕووی رەتکردنەوەی لەم شێوەیە نابینەوە. ئەگەر ئەوە رووش
بدات - کە ئەمە تەنیا مەرجێکە و دڵنیام ناگەینە ئەوەی لایەنی دیکە بەکاربهێنین -
بێگومان یاسای سزاکانی عێراقی و کۆدەنگیی جەماوەری لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە
دەستی دەوڵەت، یەکلاکەرەوە دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم جەنابی لیوا سەباح
نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە میوانی من بوویت لەم
هەڤپەیڤینەدا. بەخێربێیت سەرچاو.
سەباح نوعمان: زۆر سوپاس، سڵاوم هەیە، سوپاس، خودا پاداشتت بداتەوە.
