رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی (دەستپێشخەریی نیشتمان) بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی بە خۆڕایی بەسەر هاووڵاتییاندا، بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە کەربەلا و نەجەف دانرا و نەینەواش وێستگەی سێیەم دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێ، لەم مانگەدا لینکی ئەلیکترۆنیی پێشکێشکردنی فۆرم بۆ هاووڵاتییان کارا دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە پارێزگای کەربەلا بۆ 60 هەزار پارچە زەوی و لە پارێزگای نەجەف بۆ 35 هەزار پارچە زەوی دانراوە. وەبەرهێنەران چوونەتە نێو ئەم زەوییانە بە مەبەستی گەیاندنی سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بێبەرامبەر بەپێی شێوازی هاوبەشیی نوێ."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، نەبیل سەفار گوتی: "دوای کەربەلا و نەجەف، کارەکان راستەوخۆ لە پارێزگای نەینەوا دەستپێدەکەن و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی دیکە دەگرێتەوە. تاوەکو ئێستا حکومەت توانیویەتی وەبەرهێنەر بۆ جێبەجێکردنی ژێرخانی نزیکەی 275 هەزار پارچە زەوی دەستەبەر بکات و لیژنەی لاوەکیش بە سەرۆکایەتیی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری زیاتر تاوەکو خزمەتگوزاری بگەیێندرێتە تەواوی زەوییەکان لە هەموو پارێزگاکاندا."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشکرای کرد: "لەم مانگەدا لینکی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ هاووڵاتییان رادەگەیێندرێت، مەرجی سەرەکیش ئەوەیە، هەر خێزانێک کە هیچ ئەندامێکی خاوەنی پارچە زەوی یان یەکەیەکی نیشتەجێبوونی سەربەخۆ نەبێت، مافی ئەوەی هەیە داواکاری پێشکێش بکات."
نەبیل سەفار هۆکاری دەستکاریکردنی میکانیزمی دابەشکردنی روونکردەوە و گوتی: "ئەزموونەکانی رابردوو لە دابەشکردنی زەوی بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون شکستی خۆیان سەلماند، چونکە زەوییەکان خزمەتگوزاریی بنەڕەتییان (ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ و رێگەوبان) بۆ نەچووبوو و هاووڵاتی نەیدەتوانی تێیدا نیشتەجێ بێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بارگرانیی دارایی لەسەر بودجەی گشتی لادەبات، "ئاراستەی ئێستامان ئەوەیە زەوییەکان بە خزمەتگوزاریی تەواوەوە ئامادە بکرێن تاوەکو ژینگەیەکی لەبار بێت و هاووڵاتی راستەوخۆ بتوانێت خانووی تێدا دروست بکات. شێوازی هاوبەشیی نوێش لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەخشەران ئەوەیە کە ئەوان سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بە خۆڕایی بۆ ناوچەکان دابین دەکەن، لە بەرامبەردا رێژەیەک لەو زەوییانەیان پێدەدرێت، بەمەش هیچ تێچوویەکی دارایی ناکەوێتە سەر شانی دەوڵەت."
هەڵمەتی (دەستپێشخەریی نیشتمان) بەپێی بڕیاری ژمارە (332)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 30ـی حوزەیرانی 2026 پەسند کرا، کە ئامانجی دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی خزمەتگوزاریکراوە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 2.3 بۆ 3 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نیشتەجێبوون، هەروەها نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتی لە گەڕەکە زێدەڕۆکاندا دەژین.

