رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، سێ تۆمەتباریان لە کەرکووک دەستگیرکردووە کە لە ساختەکاریی دۆسیەی خانەنشینی و وەرگرتنی بەرتیل لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکاندا تێوەگلاون.
رۆژی یەکشەممە (11ی تشرینی یەکەمی 2026)، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیمەکانی دەستپاکی تۆڕێکیان ئاشکرا کرد کە لە فەرمانبەرانی خانەنشینی کەرکووک، پارێزەران و دەڵاڵەکان پێکهاتبوون".
ئەم تۆڕە دەستکاریی دۆسیەی خانەنشینییان کردووە و بە نایاسایی دەستیان بەسەر 84 ملیۆن دیناردا گرتووە، کە مووچەی کەڵەکەبووی خانەنشینیی ژنێک بووە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکانی دەستپاکی کارمەندێکی پۆلیسی کەرکووکیان لە بەشی گواستنەوەی زیندانیان دەستگیر کردووە.
ئەم تۆمەتبارە وەک نێوەندگیر کاری کردووە بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر گواستنەوەی زیندانییەک لە شوێنێکی دەستبەسەرکردنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکووک بڕیاری داوە بە راگرتنی هەر سێ تۆمەتبارەکە بەپێی مادە یاساییەکانی (289 و 298) لە یاسای سزادانی عێراقی و بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983).

