رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی دەستەی ئاماری عێراق، نزیکەی سێیەکی هاووڵاتییانی وڵاتەکە لە خزمەتگوزاریی کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک بێبەشن و 84%ـی دانیشتووانی گوندەکانیش ئەو خزمەتگوزارییەیان پێناگات. لەسەر ئاستی ناوەندی شارەکانیشدا کەرکووک بە داپۆشینی 100% لە پێشەنگدایە و دیوانییەش بە 76.6% لە دواوەی هەموو پارێزگاکاندایە؛ بەرپرسانی هەردوو پارێزگاکەش لە لێدوانیاندا بۆ رووداو هۆکاری سەرکەوتن و ئاستەنگەکانیان دەخەنەڕوو.
راپۆرتێکی بەشی ئامارە ژینگەییەکان لە دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە تێیدا هاتووە، تێکڕای ئەو هاووڵاتییانەی لە تەواوی عێراقدا خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خاشاکیان پێدەگات گەیشتووەتە 68.6%، ئەمەش بەو واتایە دێت کە 31.4%ـی دانیشتووانی عێراق (نزیکەی یەک لەسەر سێ) لەم خزمەتگوزارییە سەرەتایییە بێبەشن.
جیاوازییەکی زەق لەنێوان شار و گوندەکان
داتاکانی دەستەی ئامار دەریدەخەن کە خزمەتگوزاریی پاککردنەوە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ بەسەر ناوچەکاندا دابەشبووە، بەجۆرێک کە لە شارەکاندا رێژەی خزمەتگوزارییەکە گەیشتووەتە 93,5%، لە گوندەکانیشدا رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمە و تەنیا 16٪ـی دانیشتووان خزمەتگوزارییەکەیان پێدەگات.
لەسەر ئاستی ناوەندی پارێزگاکان، کەرکووک بە 100% لە پلەی یەکەمدایە و بەدوای ئەویشدا پارێزگاکانی: زیقار 99.2%، شارەوانیی بەغدا 98.8%، مەیسان 98.3%، بەسرە 97.7%، نەجەف 96.2% و سەلاحەدین 95.9% دێن، لە بەرامبەردا پارێزگای دیوانییە بە تۆمارکردنی 76.6% لە دواین پلەی پارێزگاکانی عێراقدایە.
کەرکووک چۆن گەیشتە 100%؟
ئەرکان عومەر، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری سەرکەوتنی پارێزگاکەی لە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەی خاشاک روونکردەوە و گوتی: "لە 2ـی شوباتی 2025ـەوە بە بڕیار و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران گرێبەستێکی سێ ساڵەمان تاوەکو ساڵی 2028 لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی کەرتی تایبەت واژۆ کرد و پارەی پێویستی بۆ تەرخانکرا."
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە شارەکەیان بەسەر شەش کەرتی سەرەکیدا دابەشکراوە و هەموویان بەستراونەتەوە بە سیستمێکی یەکگرتووی ئیداری و چاودێریی وردی ئەلیکترۆنییەوە: "رۆژانە چاودێریی تەواوی ئامێرەکان دەکرێت کە لە کوێ کار دەکەن، چەند تەن خاشاک کۆدەکەنەوە و بەرەو کوێی دەبەن. خاشاکەکە دەبرێتە وێستگەکان و لەوێشەوە بۆ شوێنی ژێرخاککردنی تەندروست کە بە شێوازێکی زانستی و مۆدێرن ژێرخاک دەکرێت."
ئەرکان عومەر ئاماژەی بەوەش کرد کە هاتنی ئامێری پێشکەوتوو و زۆریی ژمارەی کرێکاران و کوالێتیی بەرزی خزمەتگوزارییەکان وایکردووە کێشەی کۆبوونەوەی خاشاک لە کەرکووک بە تەواوی چارەسەر بێت.
بۆچی دیوانییە لە پلەی کۆتاییدایە؟
لە بەرامبەردا، زەینەب عابدی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هۆکارەکانی کەوتنی پارێزگاکەی بۆ دواین پلە ئاشکرا کرد و چەند گرفتێکی بنەڕەتیی خستەڕوو و گوتی: "لە تەواوی دیوانییەدا هیچ شوێنێکی ستاندارد و مۆدێل بۆ ژێرخاککردنی تەندروستیی خاشاک و هیچ کارگەیەکی ریسایکڵین بوونی نییە. هەروەها شوێنی تەرخانکراو بۆ فڕێدانی خاشاک زیاتر لە 30 بۆ 35 کیلۆمەتر لە گەڕەکەکان و ناوەندی شارەوە دوورە، ئەمەش کات و سووتەمەنییەکی یەکجار زۆری لە ئامێرەکان دەوێت."
هەروەها گوتیشی: " ژمارەی ئامێرەکان و دەستی کار لە شارەوانی بەراورد بە دانیشتووانی ناوەندی شارەکە کە سەرووی 400 هەزار کەسن، یەکجار کەمە. هەروەها داڕمانی گەڕەکە کۆنەکان و تەسکبوونی شەقامەکان ئاستەنگیی گەورەی بۆ هاتوچۆی ئامێرەکانی پاککردنەوە دروستکردووە."
باسی لەوەش کرد کە پێشتر کۆمپانیای تایبەت بە پاککردنەوە هێنرابووە شارەکە لەسەر بوودجەی فریاگوزاری، بەڵام بەهۆی کەمیی ئامێر و کرێکار، ئەزموونەکە سەرکەوتوو نەبوو.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی دۆخەکە، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە ئاشکرای کرد کە چەند رێکارێکی بەپەلەیان گرتووەتەبەر: "زەوی دیاریکراوە بۆ دروستکردنی چەند وێستگەیەکی نێوەندگیر تاوەکو خاشاکی نێو کۆڵانەکان بە خێرایی کۆبکرێتەوە و ببرێتە ئەوێ، دواتر بە بارهەڵگری گەورە رەوانەی شوێنی سەرەکی بکرێت. هەروەها بەم دوایییە ژمارەیەک ئامێری نوێ بۆ شارەوانی دابینکراون، هاوکات رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی هەزار پلەی وەزیفی بۆ کرێکارانی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی دیوانییە وەرگیراوە."
باسی لەوەش کرد کە شوێنێک بۆ دروستکردنی کارگەی ریسایکڵین تەرخانکراوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی درێژخایەنی 4 بۆ 5 ساڵی پێویستە. دەشڵێت، "کار لەسەر ئەوە دەکرێت پاککردنەوەی هەندێک لە گەڕەکە تازە دروستکراوەکان بدرێتە دەست کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت."
پاشماوەی مەترسیدار و ژینگەی عێراق
راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری عێراق چەند زانیارییەکی دیکە دەخاتەڕوو:
- بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان رۆژانە 42.4 تۆن پاشماوەی مەترسیدار لە شەش پارێزگا (دیالە، ئەنبار، واست، نەجەف، دیوانییە و موسەننا) لادەبەن، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکە ئەو پاشماوە مەترسیدارانە کۆناکرێنەوە و بەپێی یاساش شارەوانی بەرپرسیار نییە لێیان.
- لە کۆی 60 وێستگەی گواستنەوەی کاتی لە عێراق، 55 وێستگەیان هیچ رەزامەندییەکی ژینگەییان نییە و تەنیا پێنج وێستگە مۆڵەتدراون. هەروەها تەنیا 198 شوێنی ژێرخاککردنی خاشاک لە سەرانسەری عێراقدا بوونیان هەیە.
- لە سەرتاسەری وڵاتدا تەنیا یەک کارگەی ریسایکڵین لە دەوروبەری بەغدا (ناحیەی یوسفییە) بە کردەیی کار دەکات کە رۆژانە نزیکەی 1,268 تۆن خاشاک (53%ـی خاشاکی ناوچەکەی خۆی) دووبارە بەکاردەهێنێتەوە، لەکاتێکدا دوو کارگەکەی دیکەی بەغدا هێشتا لە قۆناخی دروستکردندان.
دەستەی ئاماری عێراق رایدەگەیێنێت، کێشەی کەمیی ئامێر و تەرخانکراوی دارایی، لاوازیی هۆشیاریی ژینگەیی هاووڵاتییان و نەبوونی یاسای پێویست، ئەو ئاستەنگە سەرەکییانەن کە لە 100%ـی پارێزگاکانی عێراقدا رووبەڕووی کەرتی خاوێنکردنەوە بوونەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)