رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت، دوو پەرلەمانتار دەڵێن، زەیدی داوای پێنج واژۆی پێکهاتەکانی کردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران.
چاوەڕوان دەکرێ لە 48 کاژێری داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە 9 وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەکەی زەیدی بکرێ. ئومێد بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "سبەی یان دووسبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری ئەنجام دەدرێ".
سامی ئوشانە، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی (سۆیانا)ی کریستیانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران مافێکی دەستووری و شایستەی تەواوی هەڵبژاردنی ئەوانە و گوتی: "لە کۆی پێنج کورسیی کۆتای کریستیان لە پەرلەمان، فراکسیۆنی سۆیانا خاوەنی سێ کورسییە و بزووتنەوەی بابلیۆن تەنیا دوو کورسی هەیە، کەواتە بە پێوەری دیموکراسی و بە ژمارەش ئێمە زۆرینەین."
ئوشانە گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندبوون ئەگەر واژۆی پێنج پەرلەمانتاری کۆتای پێکهاتەکان کۆبکەنەوە، وەزارەتەکە دەدرێتە بەربژێری ئەوان و لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە واژۆی پێنج پەرلەمانتارمان کۆکردەوە کە پێکهاتوون لە سێ پەرلەمانتاری سۆیانا، پەرلەمانتارێکی ئێزدی و پەرلەمانتارێکی سابیئەی مەندائی. یاداشتەکەمان بە فەرمی رادەستی سەرۆکوەزیران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی کۆتاییمان نەدراوەتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی سۆیانا رەخنە لە هێزە سیاسییەکانی عێراق دەگرێ و دەڵێت: "ئەگەر دان بە مافی ئێمەدا نەنێن و پۆستەکە بە زۆرینەی سیاسی ببەخشنە لایەنێکی کەمینە (بابلیۆن)، ئەوا بەهای هەڵبژاردن و یاسا و دەستوور دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە."
هاوکات شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، سۆیانا زۆرینەی کورسییەکانی کریستیانەکانی بەدەستهێناوە و هەربۆیە بزووتنەوەی بابلیۆن ناتوانێت نوێنەرایەتیی تەواوی کریستیانەکان لە کابینەی حکومەتدا قۆرخ بکات.
هەر لەبارەی یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە رووداوی گوت: "یان بابەتەکە دوادەخرێ، ئەگەر لایەنەکان لەو بارەیەوە نەگەیشتنە رێککەوتن؛ یانیش دوو بەربژێر دەخرێنە دەنگدانەوە. بەربژێری یەکەم کە نزیکە لە پارتی دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی نەهێنا، ئەوا بەربژێری بابلیۆن متمانەی پێدەبەخشرێ."
رۆژی 14ی ئایاری ئەم ساڵ، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر 14 وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی دا و متمانەی پێبەخشی.
لەو دانیشتنەدا 9 وەزارەت مانەوە، کە بەربژێری 4 وەزارەتیان بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست رەتکرانەوە و بەربژێری 5 وەزارەتیش بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە نەخرانە دەنگدانەوە، کە یەکێک لەوانە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بوو و تاوەکو ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبردرێ.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)