رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، چی دیکە پێویست ناکات بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی (نەبوونی پێشینەی تاوان) سەردانی بەغدا بکەن و دەتوانن هەر لە کەرکووک مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان و ئەوانەیشی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژین، یان ئەو کەسانەی لە دەرەوەی عێراق داوای مافی نیشتەجێبوون، کارکردن و بازرگانی دەکەن، کارئاسانییەکی گەورە کراوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند: "ئەو کەسانەی کاری دیلیڤەری دەکەن یان لە کۆمپانیاکاندا کار دەکەن و پێویستییان بە بەڵگەنامەی نەبوونی پێشینەی تاوانە، دەتوانن لە پارێزگای کەرکووک کارەکانیان رایی بکەن".
عامر شوانی گوتی: "پێشتر دەبوو هاونیشتمانییان سەردانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەغدا بکەن، بەڵام ئێستا لە کەرکووک ئەو خزمەتگوزارییە هەیە و پێویست ناکات ئەو رێگە دوورە ببڕن."
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان دەبینرێ.
مامەڵەکە لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی تاوانی کەرکووک دەکرێ.


