رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوامن، "بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، رادەستکردنی نەوت و داهاتی گومرگەکان خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوولان."
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئۆکتۆبەری 2026 دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن. عێراق داوادەکات داهاتی باج و گومرگ بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام هەرێمی کوردستان رازی نییە."
دیلان غەفوور ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی لە بودجەدا 14.14% بێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێریی گشتی کە ئەنجام دراوە، بەڵام حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە و پشکی هەرێمی کوردستانی بە 12.7% دیاری کردووە."
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی بەغدا پشکی هەرێمی کوردستانی بەو رێژەیە دیاریکردووە؟ ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "عێراق دەڵێت، لە دوایین سەرژمێریدا ئاوارەکان و ئەو کەسانەی خاوەنی نشینگەن و ئەو کەسانەشی کە عێراقی نین و وڵاتینامەیان پێدراوە، لە پشکی هەرێمی کوردستان دەرکراون و ئەوەی کە ماوەتەوە 12.7%یە."
بە گوتەی دیلان غەفوور، یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رادەستکردنی نەوتە، بەو پێیەی بەغدا داوا دەکات لە ساڵی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان بەوە رازی نییە و دەیەوێ رۆژانە 250 بۆ 280 هەزار بەرمیل رادەست بکات.
سەبارەت بە داهاتی باج و گومرگ، دیلان غەفوور روونیکردەوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، حکومەتی عێراق پێیوایە داهاتی گومرگ و باج سیادییە و پێویستە داهاتەکەی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام هەرێمی کوردستان رازی نییە و پێیوایە ئەو داهاتە سیادی نییە و پیویست ناکات بگەڕێتەوە بەغدا.

