رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ کۆمەڵێک لە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی عێراقی کۆبووەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی هەنگاوی گەورەی بەرەو رەخساندنی دەرفەت بۆ راکێشانی وەبەرهێنان ناوە. راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردی بناخەی درێژکراوەی پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) دادەنرێت و بەندەری فاویش بە تەواوی توانای خۆیەوە دەکرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە عەممان چاوی کەوت بە ژمارەیەک لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراقی، کە نوێنەرایەتیی کەرتە جیاوازە ئابووری و بازرگانییەکانیان دەکرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمەڵێک لە سیاسەت و رێکارەکانی حکومەتەکەی بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و راکێشانی سەرمایە لەپێناو گەشەپێدانی نیشتمانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد: "عێراق قۆناخێکی گەورەی بڕیوە لە ئامادەکردنی دەرفەتەکان بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری عەرەبی و بیانی، ئەوەش لە رێگەی ئاسانکردنی رێکارەکان، چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنەران و پاراستنی مافەکانیان بەپێی یاسای وەبەرهێنان."
سەبارەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردی بناخەی درێژکراوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دادەنرێت، کە دروستکردنی چەند شارێکی پیشەسازی لەخۆدەگرێت، جگە لە کردنەوەی بەندەری گەورەی فاو بە تەواوی توانای خۆیەوە بۆ گواستنەوەی بازرگانی، تاوەکو عێراق ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا و یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی بازرگانی لە جیهاندا."
عەلی زەیدی رایگەیاند، عێراق خاوەنی دەرفەتی زۆری وەبەرهێنانە و حکومەتیش گرنگی زۆری بە کەرتی تایبەت داوە، لەوانەش بڕیاری "لێخۆشبوونی گومرگی" بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشەپێدانەکان و دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە ئوردن و نۆ یاداشتنامە و رێککەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتە لە چەند بوارێکی جیاواز واژۆ کرد.


.jpg&w=3840&q=75)
