رووداو دیجیتاڵ دادگەکانی تاوان لە عێراق بڕیاری بەندکردن و پێبژاردنی داراییان بۆ سێ بەرپرسی ئێستا و پێشوو دەرکرد، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووی بانکێکی کشتوکاڵییە لە ئەنبار و بەهۆی خەرجکردنی پارە بە مامەڵەی ساختە و ونکردنی 86 دۆسیە، سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراقی بە ساڵێک بەندکردن و پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار سزاداوە، بە تۆمەتی ئەوەی داوای بەرتیلی لە کۆمپانیایەک کردووە لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە پڕۆژەیەکی وەبەرهێناندا. دەستەکە ئاشکرای کرد، هەمان دادگە، سزای چوار ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر بەڕێوەبەرێکی پێشووی دیکەی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێناندا سەپاندووە، ئەویش بەهۆی سەرپێچی و گەندەڵی لە یەکێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا. لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی ئەنبار سزای سێ ساڵ بەندکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی لقی بانکی کشتوکاڵی لە قەزای حەدیسە دەرکردووە، بە تۆمەتی زیانگەیاندنی ئەنقەست بە ماڵی گشتی. بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، ئەو بەرپرسەی پێشووی بانکەکە، جگە لەوەی پارەی دەوڵەتی لە رێگەی مامەڵەی ساختەوە خەرجکردووە، بووەتە هۆی ونبوون و لەناوچوونی 86 دۆسیەی فەرمیی هاووڵاتییان و قەرزەکانی بانکەکە.